خەڵكی فەلووجە ناچارن گیا بخۆن و ئاوی رووبارەکان بخۆنەوە تا لە مردن رزگاریان بێت

خەڵكی فەلووجە ناچارن گیا بخۆن و ئاوی رووبارەکان بخۆنەوە تا لە مردن رزگاریان بێت
چەند ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی کە زانیارییەکان لەو کەسانەوە وەرگرتووە لە شاری فەلوجەوە هەڵهاتوون، ئاماژەبەوەدەکەن کە "دانیشتوانی ئەو شارە لە بارودۆخێکی خراپی ژیاندان کە برسیەتی ناچاریکردوون گیا بخۆن و ئاوی رووبارەکان بخۆنەوە تا لە مردن رزگاریان بێت".

بە گوێرەی زانیارییەکان نزیکەی 50 هەزار هاوڵاتی لە فەلوجە ژیانێکی ئارامیان نیە و دەرەچەیەکی رزگاربوونیشیان دەستناکەوێت.

کارۆلین گولەک، بەڕێوەبەری راگەیاندنی رێکخراوی UNHCR لە بەغدا رایگەیاند: دانیشتوانی فەلوجە کێشەی کەمی خواردن و پێدوایستی پزیشکییان هەیە، بە شێوەیەک کە هەندێ خێزان لە زبڵخانەکاندا بە دوای خواردندا دەگەڕێن .

رۆژی 23ی ئایار سوپای عیراق ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی قەزای فەلوجە كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی پارێزگای ئەنبار راگەیاند، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدایە.

"هەندێک لە دانیشتوانی ئەو شارە ناچاری خۆکوشتن بوون و ترس و دڵەراوکێش بە تەواوەتی بە دەموچاوی منداڵانی فەلوجەوە دیارە و ژیانیان لە مەترسیدایە". بە وتەی گولەک

هەفتەی ڕابردووش رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری دا چارەنووسی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی كە لەسەروبەندی شەڕی نێوان سوپای عیراق و چەكدارانی داعش لەفەلوجە، لەو قەزایەدا ماونەتەوە.

ستیڤان دۆجارێك وتەبێژی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند: هەوڵدەدەین بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە مرۆییەكان پێداویستییەكانی دانیشتووانی فەلوجە هەڵبسەنگێنێن و كاریان لەسەر بكەین بەتایبەت كە هاوڵاتیانی مەدەنی رووبەڕووی گەلێك گرفت دەبنەوە لەكاتی هەوڵدانیان بۆ هەڵاتن لەو قەزایە وەك بە ئامانجكردنیان یاخود بەرزی پلەی گەرماو مەترسی ووشكبوونەوە.

بەهجەت ئیبراهیم، یەکێک لەو کەسانەیە کە فەلوجەی بەجێهێشتووە و لە ئێستادا کە کەمپێکی ئاوەرانی پارێزگای سلێمانیدا نیشتەجێیە، باسلەوەدەکات کە ئەوانەی لە ناو فەلوجەدان ناتوان شارەکە بەجێبهێڵن، و ئەوانەش کە لە دەرەوەن ناتوانن بچنە ناو شارەکەوە و هاوکارییان پێشکەش بکەن.

بە وتەی بەهجەت، لە فەلوجە خواردن بە هیچ شێوەیەک دەستناکەوێت و نرخی یەک فەردە ئارد بووەتە یەک ملیۆن دینار (850 دۆلار).

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌ و به‌شداریی حه‌شدی شه‌عبی له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا نیگه‌رانیی سعودیه‌و چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی سوننه‌ی لێكه‌وته‌وه‌و دژایه‌تی خۆیان بۆ به‌شداری حه‌شدی شه‌عبی له‌شه‌ڕی فه‌لوجه‌ راگه‌یاندو مه‌ترسی ئه‌وه‌یان پیشاندا كه‌ ئه‌وه‌ی له‌شاری حه‌له‌بی سوریا روویدا له‌ فه‌لوجه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ كه‌ بوویه‌ هۆی كاولبوونی شاره‌كه‌و هۆكاری سه‌ره‌كیش ناكۆكی مه‌زهه‌بی بوو.

لەو بارەیەوە جۆن كێربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبووە، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ لێی تێده‌گه‌ین، هه‌ماهه‌نگی سه‌رۆك وه‌زیران به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقی ببنه‌ ئه‌وهێزه‌ی كه‌ خۆیان بتوانن فه‌لوجه‌ رزگاربكه‌ن جا له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی یان ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێن میلیشیا شیعه‌كان بۆئه‌وه‌ی زیاتر له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ بمێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بڕیارێكه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كاری بۆ ده‌كات‌و ئێمه‌ش پێمان وایه‌ هۆكاری خۆی هه‌ڵده‌گرێت.

جۆن کێربی باسیلەوەشکردبوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەوڵی پاراستنی ژیانی دانیشتوانی فەلوجەدان کە ئێستا نزیکەی 50 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەو شارەدا گیریان خواردووە.

كانونی دووەمی 2014 چەكدارانی تیرۆرستی داعش كۆنترۆڵی قەزای فەلوجە-یان كرد كە سەر بە پارێزی ئەنبارەو 60 كیلۆمەتر لە باكوری خۆرئاوای بەغدای پایتەخت دوورە.

دوای كۆنترۆڵكردنیشی لەلایەن داعش، سوپای عیراق لەسەرجەم دەروازەكانییەوە گەمارۆی خستە سەر ئەو قەزایە و رێگەی هاتن و چوونی قەدەغەكرد، ئەوەش وایكرد دانیشتووانەكەی لەلایەك رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش ببنەوە كەلەناو قەزاكەدا بوون، لەلایەكی تریشەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەوە بەهۆی ئەوەی هیچ پێداویستییەكی رۆژانەیان بەدەست نەدەگەیشت.

فەلوجە لەفەرهەنگی زمانەوانیدا بەواتای " زەویەكی شیاو بۆ كشتوكاڵ" دێت، بەپێی ئامارێكیش كە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی 2011 دا بڵاویكردەوە ژمارەی دانیشتووانی ئەو قەزایە 320 هەزار كەس بووە، زۆرینەی دانیشتووانەكەشی سەر بەهۆزی دلێم-ن .

هاوكات قەزای فەلوجە بە "شاری مزگەوتەكان" ناسراوە، بەهۆی زۆری بوونی مزگەوت تیایدا كە ژمارەیان دەگاتە 550 مزگەوت.










خەندان
Top