جبوری داوایەك ئاڕاستەی عەبادی دەكات
سەلیم جبوری لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردەوە بەپێویستی زانیوە لەشەڕی ئازادكردنەوەی فەلوجەدا پارێزگاری لەژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و لایەنی مرۆیی بكرێت و راڕەوو دەرچەی سەلامەت بەزووترین كات دابین بكرێت و هاوڵاتیان لەپریشكی ئاگری شەڕەكە دووربخرێنەوە.
جبوری كە لەهەمان كاتدا جێگری ئەمینداری حزبی ئیسلامی عیراقە ئەوەی روونكردۆتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان هەندێك لەئەندامانی پۆلیسی فیدراڵی و خۆبەخشەكان پێشێلكاریان لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنی فەلوجە ئەنجامداوە.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داواشی لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو زانیاریانە بكات و بەزووترین كات پێشێلكاریەكان نەهێڵێت تا كاردانەوەیان لێ نەكەوێتەوە و پارێزگاری بكرێت لەو سەركەوتنانەی بەدەستهاتوون.
سەلیم جبوری لەبەیاننامەكەیدا هیچ ئاماژەیەكی بەو پێشێلكاریانە نەداوە كە وەك خۆی دەڵێت لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنی فەلوجە و ئەوانەیان كەهەڵدێن كراوە.
لەلایەكی ترەوە عەمید یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی رەتكردەوە لەلایەن ئەو هێزەی بەرپرسیارێتی ئازادكردنەوەی فەلوجەی لەئەستۆدایە، هیچ پێشێلكارییەك لەدژی هاولاتیانی مەدەنی ئەنجامدرابێت.
وتیشی "هێزە ئەمنییەكان كە لە سوپا- پۆلیس – حەشدی شەعبی و حەشدی هۆزەكان پێكهاتووە و بەشدارن لە كۆنترۆڵكردنەوەی فەلوجە، ئامانجیان ئەوەیە ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە رزگار بكەن كەلەژێر دەستی داعشدان یاخود ئەوانەی هەڵدێن".
23ی مانگی رابردوو، سوپای عیراق پرۆسەی ئازادكردنەوەی قەزای فەلوجەی دەستپێكرد لەرۆژهەڵاتی پارێزگای ئەنبار.
پێشتریش شانەی میدیای جەنگی لەبەیاننامەیەكدا، داوای لە هاوڵاتیانی فەلوجە كردبوو لەپێناو سەلامەتییاندا شارەكە چۆڵ بكەن.
رۆژی 24ی ئایار-یش رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر چارەنووسی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی كە لەسەروبەندی شەڕی نێوان سوپای عیراق و چەكدارانی داعش لەفەلوجە، لەو قەزایەدا ماونەتەوە.
