عەبادی: كوردستان مافی خۆیەتی داوای چۆنیەتیی ئیدارەدانی دوای ئازادكردنی مووسڵ بكات

عەبادی: كوردستان مافی خۆیەتی داوای چۆنیەتیی ئیدارەدانی دوای ئازادكردنی مووسڵ بكات
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، (حەیدەر عەبادی) لەبارەی شاری مووسڵەوە گوتوویەتی، كە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی داوای ئەوە دەكات قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ چۆن ئیدارە دەكرێت و، ئەوەیش واقیعە و ئامادەیی كورد لە ناوچە دابڕاوەكان و لە ‌شوێنەكانی تریش هەیە.

(د. تاریق گەردی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ‌كۆبوونەوەكەی تایبەت بە شاری مووسڵدا كە ئێمە بەشێك لە سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی ‌بووین، (حەیدەر عەبادی) بە ‌ئێمەی گوت كە یەكێك لە و دانیشتنە جیددیانەی كە پێویستە ‌لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەین، بە تایبەت لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسی و فەرماندەكانی پێشمەرگە، ئەوەیە كە ئێمە چۆن ڕووبەڕووی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش ببینەوەوە و، چۆن پلانەكەمان سەركەوتوو بێت بۆ گرتنەوەی شاری مووسڵ."

(گەردی) ڕاشیگەیاند: "(حەیدەر عەبادی) ئەوەیشی گوت كە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی داوا دەكات دەبێت قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ چۆن ئیدارە بكرێت."

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر ڕوونی كردەوە: "بە سەرۆكوەزیرانی عێراقمان گوت كە، دەبێت وەكو كورد قسەمان هەبێت لە ئیدارەدانی مووسڵ و هەموو شوێنەكانی دیكە كە ئێستا تیرۆریستانی داعشیان تێدایە و ئازاد دەكرێن، تا نەهێڵین جارێكی تر بە هیچ شێوەیەك تیرۆریستانی داعش بوونیان هەبێتەوە و زەبروزەنگ و توندوتیژی لەو شوێنانە ڕوو بداتەوە."





kdp.info
Top