عەبادی پارەی گەنمی جوتیاران دەنێرێ‌و داوادەكات وەفدێكی سیاسی‌و حكومی لەهەرێمەوە بچنە بەغدا

عەبادی پارەی گەنمی جوتیاران دەنێرێ‌و داوادەكات وەفدێكی سیاسی‌و حكومی لەهەرێمەوە بچنە بەغدا
حەیدەر عەبادی داوادەكات وەفدێكی سیاسی‌و حكومی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدابكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵێنیش دەدات مانگی 7 پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆساڵی 2014 رەوانەی هەرێم دەكرێت، دەشڵێت"لەبەرژەوەندی كورد نییە باسی ریفراندۆم بكات".

ئەو قسانەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانی كۆبوونەوەی بووە لەگەڵ بەشێك لە نوێنەرانی كورد لەبەغدا كە ئەمشەو لەشاری بەغدا كۆبوونەتەوە.

هەریەكە لە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی‌و تارق گەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی‌و هۆشیار عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمشەو بوون لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

هاوكات پێش كۆبوونەوەكە هەریەكە لە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی‌و سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەبەغدا لەلێدوانیاندا رەتیانكردەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی هەبێت‌و وتیان لەرۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكە دەكرێت.

هۆشیار عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ خەندان باسیلەوەكرد لەكۆبونەوەكەیاندا لەگەڵ عەبادی بە راشكاوانە گفتوگۆیان كردووە‌و پێیان وتووە"سیاسەتی موتارەكە(تەرككردن) بەكار دەهێنی لەگەڵ هەرێم نەك موشارەكە"وەك هۆشیار عەبدوڵا وتی رەخنەی ئەوەشیان لەعەبادی گرتووە كە تاوەكو ئێستا سەنگەرەكانی پێشمەرگەی بەسەرنەكردۆتەوە لەشەڕی دژی داعش.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكراشیكرد لەگەڵ عەبادی باسی پارەی گەنمی جوتیاران و مووچەی پێشمەرگەیان كردووە، عەبادی لە وەڵامدا وتوویەتی"فەرمانم كردووە مانگی 7ی ئەمساڵ پارەی گەنمی ساڵی2014ی جوتیارانی هەرێمی كوردستان سەرف بكرێت، سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگەش هەرێمی كوردستان ئێستا ناوتی كەركوك دەفرۆشێت كە سێ هێندەی مووچەی ئەو هێزەیە".

بەوتەی هۆشیار عەبدوڵا، عەبادی داوای لێكردون وەفدێكی سیاسی و حكومی هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن‌و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هۆشیار عەبدوڵا وتی"پێشنیاریشیكرد وەفدەكەی هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆر لە بەغدا بمێنێتەوە نەك تەنها رۆژێك، بۆ ئەوەی گفتوگۆی چڕوپڕ بكرێت و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن".

هەرلەكۆبوونەوەكەدا عەبادی بەوەفدی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە"لەبەرژوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە باسی ریفراندۆم بكات".

كۆبوونەوەكەی ئەو نوێنەرانەی كورد لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق لەكاتێكدایە بڕیارە سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێت، سەبارەت بە بەشداریكردنیان لەو كۆبوونەوەیە، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو تائێستا بڕیاریان نەداوە بۆ بەشداریكردن‌و زۆربەی پەرلەمانتارە كوردەكانیش لەهەرێمی كوردستانن.

دوای گرژییەكانی بەغداو چونە ناو ناوچەی سەوز لەلایەن خۆپیشاندەرانەوەو دەستگرتن بەسەر پەرلەمانی عیراقدا لە 30 نیسانی رابردوو، پەرلەمانتارانی كورد بڕیاریاندا بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان‌و تائێستا بڕیاری گەڕانەوەیان نەداوە بۆ بەغدا بۆ بەشداریكردن لەدانیشتنەكانی پەرلەمان.
Top