تۆفیق یاسری شارەزای سەربازی و ستراتیژی ئەمنی عێراقی شەڕی موسڵ بە شەرێكی سەخت ناودەبات و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بەبێ بەشداری پێشمەرگە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ سەرناگرێت، لەمبارەوە بە گوڵانی راگەیاند:(راستە ئەم شەڕە زۆر قورس و سەخت دەبێت، بەڵام مەسەلەكە سەروەریی وڵاتە, موسڵیش دووەمین گەورە پارێزگای عێراقە، لە ئێستادا ئەم شارە لە دەرەوەی شەرعییەت و سەروەری و یاسای عێراقدایە، بۆیە شتێكی ئاساییە كە هەموو ئامادەسازی و تواناو تەقەڵڵایەك بخرێتەگەڕ بۆ گرتنەوەو ئازادكردنی ئەم شارە، لەبەر ئەوە لەئێستادا هەموو هەوڵی حكومەت ئامادەكردنی هێزو دانانی پلان و بەرنامەی سەربازی و ستراتیژییە بۆ دانانی كاتژمێری سفرو دەستكردن بە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ، دیارە ئەم هێرشەش هەر وا ئاسان نابێت، چونكە دەبێ پێشتر تۆپباران بكرێت و وەڵامدانەوەی چەكداریی داعش بێ دەنگ بكرێت، ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە موسڵ شارێكی قەرەباڵغەو ژمارەی دانیشتووانەكەی لە ملیۆنێك زیاترە، هاوكات هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر شارەكە بێ ئەوەی گورزی ئاسمانی لە بنكەو مۆڵگەكانی داعش بدرێت زیانێكی زۆر نەك هەر بە هێزەكانی عێراق دەگەیەنێت بەڵكو خەڵكە سڤیل و بێ دەسەڵاتەكەی ئەم شارەش لەناودەچن، دیارە داعشیش حیسابی خۆی دەكات و لەهەموو شوێنێك هێزەكانی خۆی دابەش دەكات كە زیانی زۆری بەدوادا دێت.. هەروەها ئازادكردنەوەی ئەم شارە پشت بە سروشت و چۆنێتیی پلانەكەو هاوكاریی دەبەستێت، من پێموایە بێ بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت شان بەشانی هێزی سەربازی و هێزە ئەمنییەكانی عێراق ناتوانرێت ئەم پلانە سەربگرێت و موسڵ رزگاربكرێت، وا بزانم ئێستا لە هەرێمی كوردستان ژووری هاوبەشی ئۆپەراسیۆن دامەزراوە، كە لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی پلانە بۆ دەستپێكردنی ئەم هێرشە، بۆیە پێویستە هەوڵی هاوبەش هەبێت، هەروەها گردبوونەوەی تەواوی هێزەكان ئامادەبكرێت، تەنانەت بە بەشداریی چەكدارانی خەڵكی نەینەوا كە لە ئێستادا مەشق و راهێنان دەكەن، كە پێویستە ئەوانیش بەشداریی پێ بكرێن چونكە خۆیان خەڵكی پارێزگاكەن و بەلایانەوە زۆر گرنگە، كە پێموایە مەشقەكانیان زۆری نەماوەو هەموویان پڕچەك دەكرێن و ئامادە دەكرێن بۆ بەشداریكردن لەم ئۆپەراسیۆنە گرنگەدا، هەرچەندە زیان لە هەردوو لا دەكەوێتەوە، بەڵام ئەگەر ئیدارەیەكی سەركەوتوو هەبێت دەتوانرێت ئەو شارە رزگاربكرێت.