چەند ناوچەیەكی فەللوجە كۆنترۆڵكرانەوە

 چەند ناوچەیەكی فەللوجە كۆنترۆڵكرانەوە
هێزەکانی بەدر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی سەجڕیان لە باکووری رۆژهەڵاتی فەللوجە راگەیاند و حەشدی شەعبیش گوندێکی لە باکووری فەللوجە کۆنترۆڵکردەوە، هاوكات فەرماندەی سەربازی داعش لە جەزیرەی خالدییە و سێ لە یاریدەدەرانی کوژران.

رۆژی 26-5-2016 هادی عامری، ئەمینداری رێکخراوی بەدر کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سەجڕی لە باکووری رۆژهەڵاتی فەللوجە راگەیاند. ئەوەش لەكاتێكدایە تۆپخانەکانی عێراق گەڕەکەکانی پیشەسازی و جۆلان و نەزالیان تۆپبارانکرد.

لەیەكی دیكەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کۆنترۆڵکردنەوەی گوندێکیان لە باکووری فەللوجە راگەیاند.

لە راگەیێندراوێکدا حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، هێزەکانیان گوندی سەجر و پردی سەجری-یان لە باکووری فەللوجەدا کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە گوندەکە بە رێگای خێرا دەبەستێتەوە.

هەر لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی فەللوجە، فەرماندەی سەربازی داعش لە جەزیرەی خالدییەی پارێزگای ئەنبار لەگەڵ سێ لە یاریدەدەرانی کوژران.

عەلی داود، سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزاقی خالدییە رایگەیاند، هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-5-2016، ئەبو مەعاز بەغدادی، فەرماندەی سەربازی داعش-یان لە جەزیرەی خالدییە و لەگەڵ سێ لە یاریدەدەرانی کووشتووە، کە لە نێوانیان ئەبو موستەفا موهاجیر بەرپرسی بۆمبڕێژکردنەکانە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزاقی خالدییە ئاماژە بەوەدەکات، کە هێزە ئەمنییەکان بە هاوکاری فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی جەزیرەی خالدییە بەردەوامن و پێشڕەوی باشیان کردووە.


ئیسماعیل مەحلاوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بەیانی رۆژی چوارشەممە 25-5-2016 دەستپێکردنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی جەزیرەی خالیدییە لە رۆژهەڵاتی روومادی راگەیاند.

مەحلاوی گوتی "دەمانەوێت دواتر بگەینە پردی ژاپۆنی و، یەکەکانی فیرقەی هەشت لە پێشڕەویدان بەرەو رووباری فورات، کە دەکەوێتە رۆژئاوای فەللوجە".
Top