بۆ كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عیراق فراكسیۆنە كوردیەكان هێشتا بڕیاریان نەداوە

بۆ كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عیراق فراكسیۆنە كوردیەكان هێشتا بڕیاریان نەداوە
فراكسیۆنە كوردیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیاری ئەوەیان نەداوە بەشداری دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەكە بكەن‌و پێش گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، دەیانەوێت گرنەتی ئەمنی و سیاسی لەعەبادی وەربگرن. ئەوەش بەوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی.

ئەو هەڵوێستەی نوێنەرانی كورد لەبەغدا كاتێكدایە، دوانیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ سیچشەممە سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی عیراق لەگەڵ سەرۆكی‌ كوتلەكانی‌ پەرلەمان كۆبووەوەو تێیدا بڕیاریاندا، رۆژی‌ یەكشەممەی داهاتوو 29ی‌ ئەم مانگە دانیشتنێكی‌ پەرلەمان سازبكرێت‌ بۆ تاوتوێكردنی بابەتەكانی‌ پەیوەست بەڕەوشی‌ ئەمنی‌‌و كابینەی‌ نوێی‌ حكومەت بكرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەخەندانی راگەیاند "تا ئێستا فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە فەرمی بڕیاری ئەوەمان نەداوە كە بەشداری دانیشتنی رۆژی یەكشەممە بكەین یاخود بەشداری نەكەین".
ناوبراو پێشیوایە كە فراكسیۆنە كوردیەكان بەشداری كۆبونەوەكە ناكەن.

كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق و سەرۆكی كوتلەكان بەبێ‌ بەشداری كورد، دوای رۆژێك هات لەسەردانەكەی سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولیر بەمەبەستی رازیكردنی كوتلە كوردستانیەكان بۆ گەرانەوە بۆ بەغدا.

ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەڵێت، ئەوان ئاگاداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆك فراكسیۆنەكان بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بوون نەیانتوانیوە بەشداری كۆبونەوەكە بكەن.

لەكۆبونەوەی نیوان كوتلە كوردستانیەكان‌و جبوری، دوێنێ‌ دووشەممە بڕیاردرا وەفدێك لەسەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانیەكان پێش دەشتپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان سەردانی بەغدا بكەن.

سەرچاوەیەك لەنوسینگەی ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بەخەندانی راگەیاند، ئارام شێخ محەمەد چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆك فراكسیۆنە كوردییەكان دەكات، لەگەڵ بڕیاری ئەواندا دەبێت ئەگەر بەشداری دانیشتنەكە بكەن یان بەشداری نەكەن.

بڕیارە وەفدی فراكسیۆنە كوردستانیەكان، لەبەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆببنەوە بۆ گەیاندنی داواكاریەكان كورد، لەنێویاندا چەند پرسێكی تایبەت بەبودجە‌و پێشمەرگە‌و شەراكەتی هەرێم لەحوكمڕانیدا.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئاشكرایكرد، سەرۆكی فراكسیۆنەكان تا ئەوكاتەی گرنتی ئەمنی پەرلەمانتارە كوردەكان وەرنەگرن ناگەڕێنەوە بەغدا، وتی"ئێمە داوامان كردووە حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ببینین‌و گرەنتی ئەمنی و سیاسی لێوەربگرین بۆ ئەندامە كوردەكانی پەرلەمان، پاشان بگەڕێینەوە بەغدا".

ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ ئەوەی سەرۆك فراكسیۆنە كوردییەكان عەبادی ببین.

رۆژی 12ی مانگی نیسانی ئەمساڵ وەك ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر سیستمی حوكمڕانی لە عیراق و دواخستنی دەنگدان لەسەر لیستی كابینەی نوێی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران (كە وەك كابینەیەكی تەكنۆكرات ناسێنرابوو) لەلایەن سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رۆژی 14ی هەمان مانگ، دەیان پەرلەمانتار مانگرتنیان لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند و داوای دەستلەكاركێشانەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیییەكەیان كرد.

رۆژی 14ی مانگیش پەرلەمانتارانی مانگرتوو عەدنان جەنابی-یان وەك سەرۆكی كاتی ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشانكرد ( بەوپێیەی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكەیە).

بارودۆخی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەو شێوەیە بەردەوام بوو تا رۆژی 30ی مانگی رابردوو، كاتێك بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنی پێشنیوەڕۆی ئەنجومەنەكە چەند جارێك دواخرا و دواجاریش بەر لە دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان، سەدان هەزار خۆپیشاندەر كە زۆرینەیان شوێنكەوتووی رەوتی سەدر بوون، دەروازەكانی ناوچەی سەوزیان بەزاند و چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمان .

فراكسیۆنە كوردستانیەكان، 5ی‌ ئەم مانگە بڕیاریاندا نەگەڕێنەوە بۆ بەغدا، تا ئەوكاتەی‌ گرەنتی‌ پاراستنی‌ ژیانیان‌و چارەسەری‌ بنەڕەتی‌ كێشەكان نەدرێت، ئەوەش دوای‌ ئەوەی‌ ژمارەیەك پەرلەمانتاری‌ كورد لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لەناو باڵەخانەی‌ پەرلەمانی‌ عیراق گەمارۆدران‌و هێرشیانكرایەسەر لەكۆتایی‌ مانگی‌ رابردوودا.

لەدوای ئەو رووداوەشەوە، وێڕای هەوڵەكان بەڵام تائێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆنەبۆتەوەو كابینەی نوێیەكەی عەبادیش، تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوە‌و چاوەڕوانی پەسەندكردنی دەكات.
Top