فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش سەگی لە چەند ئەمیرێکی خۆی بەرداوە
حەسەن خاڵە حەسەن، فەرماندەی هێزی پیشمەرگە لە میحوەری گوێر، ڕاگەیاند: “بەهۆی کەم تەرخەمییانەوە، داعش چەند ئەمیرێکی خۆیان گرتوون و دوای بەستنەوەیان بە دارێکەوە، دواتر سەگیان تێبەرداون تا لەتوپەتیان کردوون”. گوتیشی: “هەندێکی دیکە لە ئەمیرەکانی داعش دوای شکستەکەی داعش لە تەلسقۆف، کوژراون و لاشەکانیان فڕی دراون".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕوونی کردەوە، شێوەی کوشتنی ئەو ئەمیرانەی داعش لە جاران جیاوازتر بووە، ئەوەش بۆ ترساندنی ئەوانی دیکە بوون.
هەر لەمبارەیەوە، دلێر ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاند، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، بەشی زۆری پیلانەکانی لەسەر بنەمای تۆقاندن جێبەجێ دەکات، بۆیە کاتێک هەست بەوە دەکات کە چەکدارێک یان ئەمیرێکی ئیتر سوودی بۆ ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە نەماوە، دەیکاتە ئامرازێک بۆ تۆقاندنی خەڵک. گوتیشی: ”ئەم کارانەی داعش لە دەرەوەی مرۆڤایەتییە و خەڵکیش لەوە گەیشتوون کە تۆقاندنەکەی داعش، تەنیا زیان بە چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە دەگەیەنێت و هیچ کاریگەرییەکی بەسەر ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی داعشەوە نابێت“.
باسنیوز
