ئۆباما پشتیوانی ئەمریكای بۆ عەبادی دووپاتكردەوە

ئۆباما پشتیوانی ئەمریكای بۆ عەبادی دووپاتكردەوە
لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق دووپاتكردەوەو جەختیشیكردەوە كە واشنتۆن پشتیوانییەكانی خۆی لەبواری داراییدا بۆ عیراق زیاد دەكات.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەخەندانی راگەیاند كە باراك ئۆبامای سەرۆكی ولایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتەلەفۆن پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە كردووە‌و لەوتووێژێكدا هەردوولا باسیان لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات‌و مەترسییە ئەمنییەكان‌و جەنگی دژ بەتیرۆرو هاوكاری نێوان واشنتۆن‌و بەغدا كردووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە عیراق بەڕەوشێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت‌و حكومەتەكەی عەبادی رووبەڕووی چەندین كێشەو هەڕەشەی گەورە بووەتەوە‌و دوێنێ‌ خۆپیشاندەرانی توڕەی بەغدا هەڵیانكوتایەسەر نووسینگەكەی عەبادی، جگە لەوەی لەلایەن چەندین گرووپ‌و رەوتی ناو پرۆسەی سیاسیشەوە دژایەتی دەكرێت.

حەدیسی روونیكردەوە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك ئۆباما پشتیوانی تەواوی ئەمریكای بۆ عەبادی دەربڕیووە بۆ تێپەڕاندانی قەیرانەكان‌و بەسەرەۆك وەزیرانی وتووە كە وڵاتەكەی لەمەودوا بڕی ئەو هاوكارییانە زیاد دەكات كە بۆ دەربازكردنی عیراق لەم قەیرانە داراییەی تێیكەوتووە پێشكەش بەبەغدای دەكات.

هاوكات سەرەخۆشی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەو قوربانییانەی كەبەهۆی تەقینەوەكانی ئەمدواییەی بەغداوە گیانیان لەدەستداوە.

ماوەی 10 رۆژ دەبێت ژمارەی پەلامارە تیرۆریستییەكانی نێو شاری بەغدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیانكردووەو لەچەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەك تەقینەوە چەند شوێنێكی بەغدای هەژاند‌و بەهۆیانەوە دەیان كەس كوژران.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكی ئەمریكا بەعەبادی راگەیاندووە كە هانی گەورە وڵاتانی پێشەسازی دەدات هاوكاری عیراق بكەن، لەمیانەی ئەو كۆنگرەیاندا كەبڕیارە لەكۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.

لەبەرانبەریشدا وێڕای سوپاسكردنی هەڵوێستی حكومەتی ئەمریكا، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەئۆبامای راگەیاندووە كە عیراق بەردەوام دەبێت لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی تا رزگاركردنی شاری فەلوجەو تەواوی خاكی عیراق لەدەست تیرۆریستانی داعش.

ئەو پشتیوانییەی ئەمریكا لەكاتێكدایە كە سەرۆك وەزیرانی عیراق پێویستییەكی زۆری بەپشتیوانی وڵاتانی زلهێزو دەوڵەتانی هەرێمی‌و پارت‌و لایەنە سیاسییەكانی عیراق هەیە، بۆ دەربازبوون لەم تەنگەژەیەی تێیكەوتووە.









خەندان
Top