لە خۆپیشاندانەكەی بەغدا نزیكەی 600 كەس برینداربوون

لە خۆپیشاندانەكەی بەغدا نزیكەی 600 كەس برینداربوون
ژمارەی بریندارانی بەغدا بەهۆی بەكارهێنانی تووندوتیژی (دار، گازی فرمێسكڕێژ و دەستڕێژی گوللە) لەلایەن هێزە ئەمنییەكان زۆر بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 600 بریندار.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 20-5-2016، خۆپیشاندان لە شاری بەغدا دەستیپێكرد، بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر ناوچەی سەوز و دەروازەكانی ئەو ناوچەیان شكاندن، گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، بەهۆیەوە 3 كەس كوژران و نزیكەی 600 كەسیش برینداربوون.

دەستڕێژی گوللە و هێرشكردنەسەریان، پێشی بە خۆپیشاندەران نەگرت و دواجار بەشێكیان گەیشتنە نێو نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەركوەزیران و نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران. بەهۆی بەردەوامبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان، باری نائاسایی لە بەغدا راگەیێندراو هاتووچۆكردن تا كاتێكی نادیار قەدەخەكرا، هەروەها سەرجەم دەروازەكانی بەغداش داخران.

دوای چەند كاژێرێك عەبادی بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند ناوچەی سەوز چۆڵكراوە و بارودۆخ لەژێر كۆنترۆڵ دایە. لەبەرامبەر هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەیان بە گوللە، موقتەدا سەدر كە رەوتەكەی پشتگیری لە خۆپیشاندەران دەكات، راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و، هۆشداری دایە بەرپرسانی عێراق و گوتی" چارەنووستان لە سەددام حوسێن و موعەممەر قەزافی باشتر نابێت".

عەبدولغەنی سەعدوون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەرتی رەسافە رایگەیاند، لە نەخۆشخانەكەیان پێشوازی لە نزیكەی 500 بریندار كراوە. بەگوتەی ناوبراو، زۆربەیان بەهۆی بەركەوتنیان بە گازی فرمێسكڕێژ تەنگەنەفەس ببوون، لەگەڵ شكانی جەستەیان بەهۆی بەكارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە.

هاوكات جاسب عوجامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەرخ رایگەیاند، ئەوانیش پێشوازییان لە زیاتر لە 70 بریندار كردووە، زۆربەشیان شوێنەواری لێدانیان بە جەستەوە دیاربووە، لەگەڵ تەنگەنەفەس بوون بە گازی فرمێسكڕێژ.

ناڕەزایەتی خۆپیشاندان تەنیا لە بەغدا نەمایەوە، بەڵكو سێ پارێزگای دیكەشی گرتەوە. لە بابل خۆپیشاندەران لە سەنتەری پارێزگاكە كۆبوونەوە و لەبەردەم تەلاری پارێزگا مانگرتنیان راگەیاند.

لە خۆپیشاندانە هێرشكرایە سەر تیمی رووداویش، بەهمەن حەسەن ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا و وێنەگر خەتاب عەجمی كە رووماڵی هێرشی خۆپێشاندەرانیان بۆ سەر ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق دەكرد، كەوتنە بەر هێرشی هێزێكی دژە تیرۆر. پەیامنێر بەهمەن حەسەن بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە ماوەیەك لەهۆش خۆی چوو و ، وێنەگر خەتاب عەجمیش بەداری هێزە ئەمنییەكان برینداربوو.

لە دیوانییە لایەنگرانی سەدر وەك پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەرانی بەغدا، خۆپیشاندانێكی فراوانیان دەستپێكرد و داوای لادانی گەندەڵكارانیان كرد، لە پارێزگای ناسریەش خۆپیشاندانێكی فراوان دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران هێرشیانكردە سەر تەلاری پارێزگاكە و كۆنترۆڵیان كرد.







روداو
Top