سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی خولی یاسادانان درێژدەکاتەوە
نووسینگەی سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016 رایگەیاندووە، کە بە پشت بەستن بە دەسەڵاتەکانی و ماددەی 58ـی دەستووری وڵات، جبووری ئەم بڕیارەی داوە.
نووسینگەی سەلیم جبووری لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەبەر ئەوەی عێراق ”پێویستیی زۆری بە تەواوکردنی پرۆژەی چاکسازی هەیە و بەرژەوەندیی وڵات لە دانانی یاسای نوێ دایە“، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی خولی یاسادانانی ئێستای پەرلەمانی داوە.
بەهۆی داگیرکردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدر و سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتارانی کورد لە رۆژی 30ـی نیسانی 2016، پەرلەمان پەکی کەوتووە و پەرلەمانتارانی کورد گەڕاونەتەوە کوردستان و بۆ چوونەوە بەغداش، چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەن.
باسنيوز
