داعش هێرشی کردە سەر ناوچەی تاجی لە بەغدا
سەعد مەعن، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 15-5-2016 هێزە ئەمنییەكانی عێراق هێرشێكی چەكدارانی داعشیان بۆ سەر كارگەی گازی تاجی لە باكووری شاری بەغدا تێكشكاند".
مەعن گوتیشی "سەرەتا چەكدارە هێرشبەرەكان ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە بەردەرگای كارگەكە تەقاندووەتەوە، دواتر 6 خۆكوژ بە پشتێنی بۆمبڕێژكراو چوونەتە نێو كارگەكە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكان کوژراون و لە ئەنجامدا 3 عەمباری غاز سوتاون". جەختی لەوەش كردەوە "ئێستا هێزە ئەمنییەكان باڵادەستن و تیمەكانی بەرگریش سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن".
بەئامانجی تێكدانی ئاسایشی شارەكانی عێراق بەگشتی و شاری بەغدا بەتایبەتی، گرووپە چەكدارەكانی نەیاری حكومەتی عێراق لە سەروشیانەوە رێكخراوی داعش لەڕێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، بۆمبی چێندراو و لكێندراو و پەلاماری چەكداری زیان بە هێزە ئەمنییەكان دەگەیێنن.
روداو
