مالیکی رەوتێکی شیعە بە هۆکاری تەقینەوەکانی بەغدا دادەنێت

مالیکی رەوتێکی شیعە بە هۆکاری تەقینەوەکانی بەغدا دادەنێت


سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەوتی سەدری شیعە مەزهەب بە هۆکاری تەقینەوەکانی بەغدا تۆمەتبار دەکات.


لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، کە "جارێکی دیکە دەستی تیرۆریستان گەیشتە پایتەخت".


نوری مالیکی پێیوایە رێکخراوە توندڕەوەکان بەو تەقینەوانەی رۆژی چوارشەممە ئەنجامیان دا و بە قۆستنەوەی بارودۆخی ناسەقامگیری وڵات، دەیانەوەێ "ئاژاوەگێڕی لە ناو رۆڵەکانی یەک نیشتیمان دروست بکەن".


سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەکەیدا ناڕەستەوخۆ رەوتی سەدر بە هۆکاری ئەو تەقینەوانە و بە بەرپرس لە کوژرانی ئەو خەڵکە دادەنێت، چونکە "بەشداربوون لە تێکدانی بارودۆخی سیاسی و هەوڵیان دا لە چوارچێوە دەستوورییەکان لابدەن".


سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 11ـی ئایاری 2016 ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری سەدری بەغدا تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانی 64 هاووڵاتی و برینداربوونی 87ـی دیکە.


هەر ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی دیکە لە لە دەروازەی ناوچەی کازمییەی بەغدا و گەڕەکی جامیعە لە رۆژئاوای بەغدا تەقینەوە و بوونە هۆی کوژرانی 18 هاووڵاتی و برینداربوونی 42ـی دیکە.


رۆژی 30ـی نیسانی 2016، دوای شکستی هەوڵی پەرلەمانتارانی مانگرتوو بۆ گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی دواتر، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمانی عێراق و داگیریان کرد و گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتیکردن بە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بەشێک پەرلەمانتارانیان بڵاو کردەوە.
Top