سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: پەرلەمانی عێراق لە کوردستان کۆنابێتەوە

 سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: پەرلەمانی عێراق لە کوردستان کۆنابێتەوە
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا رەتیدەکاتەوە، پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە.

عەباس بەیاتی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن، کە پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی بەغدا کۆدەبێتەوە، هیچ بنەمایەکی راستی بۆ نییە، تاوەکو ئێستا بەغدا سەقامگیر و پارێزراوە و هۆڵی گەورەی پەرلەمان هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە".

بەیاتی ئاماژەی بەوەکرد، دەکرێت دانیشتنی پەرلەمان لە شوێنێکی دیکەی ناوچەی سەوز ئەنجامبدرێت و داوای لە پەرلەمانتاران کرد بەشداریی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بکەن و دانیشتنێکی یەکگرتووی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

عیماد یوخەننا، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) بێ ئاگایی خۆی لەوە دەربڕی، کە پەرلەمانی عێراق بە نیازبێت لە بری ناوچەی سەوز لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات و راشیگەیاند: "ئەستەمە رۆژی سێشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە".

عیماد یوخەننا، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق گوتی: "رەوشی ئەمنی بەغدا خراپە و پەرلەمانتاران لە ژێر هەڕەشەدان، بەبێ تەواوفوق و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانیش ئەستەمە لەو دۆخەدا پەرلەمان بەم نزیکانە کۆبێتەوە".

رۆژی شەممە 30-4-2016 لایەنگرانی رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمان و کۆنترۆڵیانکرد و هێرش و سوکایەتییشان بە ژمارەیەک بە پەرلەمانی کورد کرد، ئێواری رۆژی یەکشەممەش لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوز کشانەوە.
Top