پرۆژەکەی بایدن بۆ دابەشکردنی عێراق سەردەگرێ
ماڵپەڕی (جالیەی عێراقی)، ئاشکرای کردووە کە بەم نزیکانە ھەریەک لە (ڕافع عیساوی) وەزیری دارایی پێشووی عێراق و (ئەسیل نوجێفی) پارێزگاری پێشووی نەینەوا، سەردانی(واشنتۆن) دەکەن، نھێنیی سەردانەکەشەیان بۆ ڕاگەیاندنی ھەرێمێکی سەربەخۆی تایبەت بە سوننەکانە لە عێراق دا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە عێراقییە، چەند رۆژی داھاتوو یەکلاییکەرەوەی ئەو پرۆژەیە دەبێت، ئەوەش بە ڕازیبوونی ئەمەریکا بەو پرۆژەیە بۆ دابەشکردنی عێراق و پێکھێنانی ھەرێمێکی تایبەت بە سوننەکان، ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان.
جۆزیف بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کرد، لە ساڵی ٢٠٠٤دا کە ئەوکات لە بەرپرسیاریەتیی ئەو پۆستەیدا نەبوو، داوای کرد عێراق بکرێ بە سێ قەوارەی سەربەخۆ، ئەوکات بەرپرسانی ئەمەریکی رووبەڕووی پێشنیازەکەی بوونەوە و رایانگەیاند لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدان.
بەڵام بایدن بەپێی دوا لێدوانی رۆژنامەوانی لەسەر بەکردارکردنی بیرۆکەکەی ماوە و لە دوا سەردانیدا لە بەغدا، گوتی: "سەیر بکەن لەو ھەموو ئەو شوێنانەی کە دەمانەوێ ئاشتی بپارێزین، ھەموو ئەو شوێنانەی ژنان و پیاوانی ئەمەریکامان بۆ ناردوون، ئەو شوێنانەن کە لە مێژوودا سنووری دەستکردمان بۆ کێشاون، دەوڵەتی دەستکردمان لێ دروست کردوون، ئەوان بەتەواوی لە نەتەوە و ئایین و فەرھەنگی جیا جیا دروست بوون و گرووپی جیان، دەبێ بەزۆر تیایدا بژین، بەڵام سنوورە دەستکردەکان سەرچاوەی نەبوونی ئاشتین".
بەکر حەمەسدیق، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو دۆخەی ھەیە لە عێراق و بەوەشی کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، دەردەکەوێ کە پڕۆژەکەی جۆبایدن دەکەوێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.
ئەگەرچی ئەمەریکییەکان لە رواڵەتدا وای نیشان دەدەن کە لە دژی لێکترازانی عێراقن، بەڵام بەپێی راپۆرت و ئاماژەکانیان ئەو راستییەیان لا روون بووەتەوە کە عێراق چیتر ناتوانی بەیەکەوە بەرگە بگرێت، ھەر بۆیەش چاوەڕوانی ھەڵوەشاندنەوەی سروشتیی خۆی دەکەن، سوننەکانیش دەیانەوێ لەو ھەڵوەشاندنەوەیەدا ئەوان بێبەش نەمێننەوە.
پێشتریش سیاسەتمەداری سوننە (عەدنان دلێمی) رای گەیاند، بەپێی ھەڵکەوتەی جوگرافیای سوننەکان، ئەگەر ھەرێمێکی سوننەیان راگەیاند، ئەوا دەبنە دراوسێی کوردستانی باشوور، کە ئێستا تاکە شوێنی ئارامە بۆ ئەوان کە تێیدا بژین.
دلێمی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ھەرێمی سوننە، کە لە سەرەتای ئەمساڵ لە ھەولێر بەسترا، ئاماژەی بەوەش دا کە راگەیاندنی ھەرێمێکی سوننە بە کاردانەوەی دەزانن بەرامبەر بەوەی لە عێراق لە دژیان دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ھەر لە دوای شەڕی داعشەوە، سەرکردە سوننییەکانی عێراق پێشنیارێکیان داوەتە ئەمەریکا بۆ پێکھێنانی ھەرێمێکی سوننی، دوای سەندنەوەی پارێزگای مووسڵ لە چەکدارەکانی داعش، بۆ ئەوەش چەند جارێک سەرکردە سوننەکان سەردانی ئەمەریکایان کردووە.
لەمبارەیەوە چاودێری سیاسی د. مەحمود عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا بۆ رای گەیاند، بە دڵنیاییەوە لەم دۆخەدا کە عێراق لە رووی واقعدا ھیچی بەسەر ھیچەوە نەماوە، نە دەوڵەتە و نە حکوومەتە، ئەوە سوننەکانیش ھەوڵی دروستکردنی ھەرێمی خۆیان دەدەن، بەڵام لەوە دەچێ شیعەکان و ئێران زۆر بەتوندی دروستبوونی ئەو ھەرێمە رەت بکەنەوە، گوتیشی: "سوننەکان نابێ تەنیا پشت بە ئەمەریکا ببەستن بۆ ئەو پرسە و پێویستە ئامادەکاریی تەواوی بۆ بکەن، چونکە ئەو پرسە لای شیعەکان و ئێران بە ھەموو شێوەیەک رەت دەکرێتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کورد دەمێکە بە سوننەکانی گوتووە کە ھەرێمێکی خۆتان ھەبێت و ئیدارەی خۆتان بکەن، بەڵام حکوومەتی مەرکەزی و شیعەکان بە ھەموو شێوەیەک رەتیان دەکردەوە، گوتی: "ئیتر لەمەودوا سوننەکان ھەوڵی زیاتری بەدەستھێنانی ئەو ھەرێمە دەدەن و پێشتریش ھەوڵ ھەبووە، بەتایبەتی ئەمڕۆ کە عێراق لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، بێ گومان دەتوانن زیاتر بەدەست بھێنن".
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق روودەدا نە شۆڕشە و نە کودەتایە، بەڵکو فەوزایە، ھەر بۆیەش پێدەچێ سوننەکان لەو فەوزایەدا ھەرێمی سەربەخۆیی خۆیان دەست بخەن، بەڵام ھەرێمێک دەبێ لە چوارچێوەی عێراقدا بە شێوەیەکی فیدڕاڵی نەک ئەو ھەرێمەی کە جۆبایدن لە پڕۆژەکەیدا خستوویەتییە ڕوو.
