یەک ملیۆن شیعە بەشدار یادی ئیمام کازم لە بەغدا دەکەن
یادکردنەوەکە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە دۆخی بەغدا شڵەژاوە و هێزێکی زۆری ئەمنیش بڵاوەیان پێکراوە، هاوکات شیعەکانی بەغدا رایدەگەێنن هێزە ئەمنییەکان هاوکارییانن لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە.
بە سەتان هەزار کەس لە سەرتاسەری عێراق روویان لە بەغدای پایتەخت و ناوچەی کازمییە کردووە بۆ ئەوەی یادی ئیمام موسای کازم یکەنەوە، کە یەکێکە لە 12 سەرکردەکەی شیعەکان، ئەو یادە ساڵانە شیعەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەیش کۆدەکاتەوە.
هەرچەندە رێوڕەسمەکان بەفەرمی رۆژی سێشەممە 3-5-2016 دەستپێدەکات، بەڵام شیعەکانی عێراق چەند رۆژێکە بەپێ رێگەی ناوچەی کازمەیەیان گرتووەتەبەر. لەو شوێنە مەزارگەی ئیمام کازمی لێیە و شیعەکان بە کۆمەڵ یادەکە دەکەنەوە. لەگەڵ ئەوەش بەهۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوو رێوشوێنی ئەمنی تووند گیراوەتەبەر .
عەبدولحوسێن عەلی، دانیشتووی بەغدا دەڵێت "بەرەو مەزاری پیرۆزی ئیمام موسای کازم دەچین و یادی مردنی ئەو دەکەینەوە، هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی رێورەسمەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها خواردن و ئاومان بۆ دانراوە".
بەپێی زانیارییەکانی روودا لە بەغدا، زیاتر لە یەك ملیۆن سەردانیکار بەشداری رێوەڕەسمی یادی کوشتنی ئیمام موسای کازم بكەن لە بەغدا.
محەممەد موتەشەر، دانیشتووی بەغدا دەڵێت "سوپاس بۆ خودا هێزە ئەمنییەکان بەتەواوی ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکەیان پاراستووە. هەموو شتێكمان بۆ دەستەبەرکراوە".
ئیمام کازم ساڵی799ی پێش زایین کۆچی دوایی کرد و بۆ شیعەکان یەکێکە لە پیرۆزترین سەرکردە و رابەر، ساڵانە سەتان هەزار کەس لە بەغدا و وڵاتانی دیکە بۆ یادەکە روو لە ناوچەی کازمییە دەکەن.
