بەپەلە.... پەرلەمانتارێكی گەمارۆدراوی كورد لە ناوچەی سەوز وەسیەت دەكات
رەنگین عەبدوڵڵا لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "ئێستا لەگەڵ هاوڕێکانمدا ئاڵا تاڵەبانی، ئارێز عەبدوڵڵا و رێبوار تەها لەنێو پەرلەمانی عێراق گەمارۆدراوین، ئەگەر بێت و رزگارمان نەبوو و مردین، کوردستان خۆش و ئێوەی هاونیشتمانی بەوەفامان خۆش بن".
رەنگین عەبدوڵڵا دەڵێت "خۆم بە شەهید دەزانم، لەپێناوی کوردستاندا بووە هەرچیم کردووە، گیانی منیش لە هیچ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەم و شەهیدانی کوردستان زیاتر نییە".
ئەو پەرلەمانتارە كە تاقانەی ئەنفالە، دەشڵێت "تەنها ئەوەمان دەوێت تەرمەکانمان بهێننەوە بۆ کوردستان، ئارامگاکانمان با باوەشی نیشتمان بێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە ھۆشیار عەبدولڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پێنج پەرلەمانتاری کورد (محەممەمەد رەزا، پەرلەمانتار لە بزووتنەوەی گۆڕان، لە فراکسیۆنی یەکێتی ھەریەک لە ئارێز عەبدوڵڵا، ئاڵا تاڵەبانی، رەنگین عەبدوڵڵا و رێبوار تەھا) لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقدا گیریان خواردووە." هەروەها ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتیش لە ناوچەی سەوز گیریخواردووە.
