کێشە سیاسییەکانی عێراق کاریگەری لەسەر شەڕی داعش دەبێت
بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، هۆکاری سەرەکی هێواشی سوپای عێراق لە کۆنترۆڵکردنەوەی خاکە داگیرکراوەکانی لەژێر دەستی داعش، ململانێی نێوخۆییەکانی نێوان شیعە و سوننەیە و هاوکات ئەمریکا و ئێران کە هەردووکیان لە عێراق شەڕی بەوەکالەتی دژ بە داعش دەکەن، بەڵام چونکە ئەو دوو وڵاتە دوو ئەجێندای جیاوازیان هەیە، وایکردووە سوپای عێراق نەتوانێت سەرجەم ناوچەکانی ژێردەستی داعش بەهەمان گوڕ و ئاراستە کۆنترۆڵ بکاتەوە.
راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، شاری فەللوجەی وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ پشتڕاستکردنەوەی راستی راپۆرتەکەی هێناوەتەوە و ئاماژە بەوەکردووە، خەڵکی ئەو شارە لەژێردەستی داعش و گەمارۆکانی سوپای عێراق و گرووپە شیعییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، دووچاری ئازار و نارەحەتییەکی زۆربوونەتەوە، و هەروەها کۆکنەبوونی ئێران و ئەمریکا لەسەر پلانێکی هاوبەش بۆ تێکشکاندنی داعش لە عێراق وایکردووە، ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شار و ناوچەکانی دیکەی عێراق بەشێوەیەکی هێواش بەڕێوەبچێت.
ئێران، ئاشکرا پشتیوانی لە شیعەکانی عێراق دەکات و هاوکات لەڕێگەی دروستکردنی چەند گرووپێکی چەکداری شیعە دەیەوێت شەڕی بەوەکالەتی داعش بکات و پێگەی خۆی لەو وڵاتە بەهێزتر بکات، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە عێراق کێشەی تایفی، کە رەگێکی کۆنی هەیە، زیاتر زەقببێتەوە، هەروەها درووستبوونی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کارێکی ئاسان نەبێت.
بەگوتەی شارەزایان، ئەمریکا ئەگەر بێت و بیەوێت هاوکارییە سەربازییەکان بۆ عێراق لەشەڕی دژ بە داعش کاریگەربێت و زووتر ئەو گرووپە لەو وڵاتە ریشەکێش بکات، پێوستە سەرەتا ئاشتەوایی نێوان تایفەکانی عێراق بەتایبەتیش شیعە و سوننە بەرجەستە بکات، کە شیعەکان زیاتر وابەستەی ئەجێندای ئێرانن، بۆ ئەمەبەستەش ئەمریکا دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق لەگەڵ ئێران لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشیان هەبێت، بەتایبەتیش دوای رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، کە ئەو دوو وڵاتەی لە پێشوو زیاتر لە یەکنزیکتر کردووەتەوە.
میدیا ئەمریکییەکان سەبارەت بە ئامانجەکانی ئێران لە دەستوەردانەکانی لە عێراق، دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستی بە سووریا بگات، کە لەو رێگەیەوە هاوکارییەکانی بۆ هەردوو هاوپەیمانەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و هەروەها حیزبوڵڵای لوبنانی بنێرێت، ئامانجی ئەمریکاش هاوکاریکردنی سوپای عێراق و چەند هێزێکی دیکەی ئەو وڵاتەیە بۆ تێکشکاندن داعش لەو وڵاتە بەیەکجاری، بۆیە لەیەکنزیکبوونەوەی ئامانجەکانی ئێران و ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش ئەگەر ئەستەمیش نەبێت، کارێکی ئاسان نییە.
