بایدن لەگەڵ عەبادی و جبووری کۆبووەوە
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند"سوورین لەسەر ئەنجامدانی چاکسازییەکان کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش".
نووسینگەی رۆژنامەڤانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشكرایكرد، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆیان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکان، هەروەها بارودۆخی ئەمنی ئابووری، پاڵپشتیکردن لە چاکسازییەکان، شەڕی دژ بە داعش و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی پیشەسازی حەوت وڵاتە گەورەکە کرد، کە بڕیارە لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەبچێت و ئەو پاڵپشتییەی پێشکەشی عێراقی دەکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە "سوورین لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەستی داعش و بەردەوامدەبین لەسەر ئەنجامدانی چاکسازییەکان".
لەبەرامبەریشدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ستایشی سەرکەوتنەکانی هێزە عێراقییەکانی بەسەر داعش کردوو پاڵپشتی وڵاتەکەشی بۆ عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی عێراق دووچاری هاتووە، بەتایبەت لەبواری ئابووری و بوونیادنانەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان.
هاوكات جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و تاوتووێی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەیان کرد و جەختیان لەسەر بەردەوامی شەڕی دژ بە داعش کردەوە.
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-4-2016 سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جۆبایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، جبووری و بایدن تاوتووێی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەیان کردووە، هەروەها گفتوگۆیان لە بارەی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت و گرینگی پاڵپشتیکردنی عێراق لەو لایەنە کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختیان لەسەر شەڕی داعش کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-4-2016 جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەسەردانێکی رانەگەیێندراو گەیشتە عێراق، سەردانەکەی بایدن، بەیەکەمین سەردان لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2011 دادەنرێت.
روداو
