جارێکی دیکە خەزێنەی داعش لە موسڵ بۆردوومانکرا

 جارێکی دیکە خەزێنەی داعش لە موسڵ بۆردوومانکرا
بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی رایانگەیاندووە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیماناندا بۆسەر پێگەکانی داعش لە موسڵ، شوێنێکی دیكەی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی پارەی داعش خاپووركراوە و، شوێنەكە نزیکەی 800 میلیۆن دۆلاری تێدابووە.

جەنەراڵ پێتەر گێرست، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعشدا، لە بەغدا رایگەیاند "رۆژی سێشەممە 26-4-2016 فڕۆكە جەنگییەكان لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا لە موسڵ گەنجینەیەکی هەڵگرتنی داهاتی داعشیان کردووەتە ئامانج و شوێنەکەش بەتەواوی بەهۆی هێرشەکەوە خاپووربووە".

گێرستن راشیگەیاندووە"لەماوەی رابردوودا ئەمریکا بەردەوام ویستوویەتی ئەو شوێنانە بکاتە ئامانج کە داعش پارە و داهاتی خۆیان تێدا هەڵدەگرێت، هێرشەکەی دوێنێش ئامانجی خۆی پێکاوە، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەخۆی لەسەر دۆخی دارایی داعش دەبێت".

گێرستن دەشڵێت هەرچەندە بە وردی نازانرێت چەند پارە لەو گەنجینەیەی داعشدا هەبووە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن نزیکەی 500 تا 800 میلیۆن دۆلاری تێدابووە.

رۆژی دووشەممە 11-1-2016، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە شاری موسڵ، خەزێنەی داعشیان بۆردوومانکرد و تێکیانشکاند، ئەو خەزێنەیە لەلایەن داعشەوە بۆ پێدانی مووچە و دابینکردنی تێچووی هێرشەکانیان بەکاردەهێندرا. هاوكات لەگەڵ ئەو هێرشەدا ژمارەیەك بانكی دیكە لە موسڵ بۆردوومانكران
Top