سەلیم جبووری: پەرلەمان ئامادەیە بۆ کابینەی نوێی حکومەت

سەلیم جبووری: پەرلەمان ئامادەیە بۆ کابینەی نوێی حکومەت
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: " پەرلەمان لەم هەفتەیەدا ئامادەیە بۆ پێشوازی لە کابینەی نوێی حکومەت"، گوتیشی: " دەبێت بەرپرسانە رووبەڕووی هەڕەشەکانی سەر عێراق ببینەوە".

لە گوتارێکیدا لە بەغدا سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، باسی لە کێشەکانی دوو هەفتەی رابردووی عێراق کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد " پشکپشکێنەی حیزبی و تائیفی وەک چارەسەر بۆ عێراق داندراوە، بەڵام لێکەوتەی نەرێنی لێکەوتووتەوە"، جبووری داواشی کرد " دوور لە حیزبایەتی و تائیفی پەلە لە چاکسازی بکرێت"، چونکە پێیوابوو "لەلایەن هەندێک کەس و لایەنەوە هەوڵی لێڵکردنی چاکسازی دەدرێت ".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە "چارەسەر دەبێت لە رێگای خستنە دەنگدانی پەرلەمانەوەبێت".

جبووری، لە گوتارکەیدا قەیرانی عێراقی بەستەوە بە بارودۆخی وڵاتانی ناوچەکە، لەوبارەیەوە گوتی "عێراق بەقەیرانێکی لەناکاودا تێپدەپەڕێت و بەم زووانە کۆتایی دێت، لەم هەفتەیەشدا پەرلەمان ئامادەیە بۆ پێشوازی لە کابینەی نوێی حکومەت".

لە کۆتایی گوتارەکەشیدا جبووری، گلەیی لە هەندێک کەسایەتی و دامەزراوە کرد، کە وەک پێویست بۆ چارەسەری کێشەکان نەهاتوونەتە پێش و گوتی "رووی گازاندەمان لەم بەرپرس و دامەزراوانەیە، کە دەیانتوانی رۆڵی زیاتر ببین بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام ئەو رۆڵەیان نەبینی".

لە رۆژی سێشەممە 12-4-2016 پەرلەمانی عێراق گرژی تێکەوت و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە پەرلەمانی عێراق مانگرتنیان راگەیاند و واژۆیان بۆ لەکارلادانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کۆکردەوە. هەوڵەکانیاشیان بەردەوام بوو بۆ گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەڵام لەدوای ناڕەزایەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و دواتریش کشانەوەی موقتەدا سەدر لەو داواکارییەی پەرلەمانتاران، هەوڵەکانیان تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام بووە.
Top