شەڕ لە نێوان پەرلەمانتارانی سەدر و مالیکی دروست دەبێت

شەڕ لە نێوان پەرلەمانتارانی سەدر و مالیکی دروست دەبێت
بەهۆی کشانەوەیان لە ڕیزی مانگرتووانی نێو پەرلەمانی عێراق، کێشە لە نێوان پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر و ئەندامانی دەوڵەتی یاسای سەر بە نووری مالیکی درووست دەبێت و یەکتری بە شکاندنی ڕێککەوتننامەکان تۆمەتبار دەکەن.

لەبەیاننامەیەکدا کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20\4\2016 بڵاوی کردەوە، موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر بڕیاری دا، کوتلەی ئەحرار لە ڕیزی مانگرتووان بکشێنەوە، بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ (20\4\2016)، شەڕە قسە و جنێودان بەیەکتری لەناو پەرلەمانتارانی ئەحرار و دەوڵەتی یاسا درووست بوو و شەڕی پەرلەمانتاران ڕاگەیاندنەکانیشی گرتەوە و ئەمڕۆ 2 ڕاگەیاندراوی توندی دژ بە یەک لە هەردوو کوتلەکەوە دەرکرا.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕە عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، ئەندامانی دەوڵەتی یاسا، کوتلەی ئەحرار و موقتەدا سەدریان بە شکاندنی ڕێککەتنەکان تۆمەتبار کردووە و پێیان وابووە کە فێڵیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

هاوکات لایەنە سیاسییەکان پێیان وایە کە سەدر هۆکاری کشانەوەی لە مانگرتووەکان بۆ ئەوە بووە، لەوە گەیشتووە کە مالیکی ویستوویەتی ئەو ناڕەزاییە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.




باسنيوز
Top