ئۆباما وادەی رزگارکردنەوەی مووسڵ دیاری دەکات
باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (CBCnews)ی ئەمریکی، رۆژی سیشەممە 19ـی نیسانی 2016 رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هاوکاریی زیاتری هێزە عێراقییەکان دەکات و عێراقییەکان خۆیان بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ ئامادە دەکەن.
باراک ئۆباما رەتی کردەوە سەربازانی ئەمریکی بەخۆیان شەڕ بکەن و رایگەیاند، بە مەشق و راهێنانکردن بە هێزەکان، ناردنی هێزی تایبەتی پاڵپشتی، پێدانی زانیاریی هەواڵگری و بە فڕۆکە جەنگییەکانمانەوە بەشداریی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ دەکەین.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کۆتایی ئەمساڵ (2016)، مووسڵ رزگار دەکرێتەوە و داعش لە عێراق بەرەو نەمان دەچێت.
رۆژی دووشەممە 18ـی نیسان، ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رای گەیاند، وڵاتەکەی بڕی 415 ملیۆن دۆلار لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش، پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوایان داگیرکرد.
باسنيوز
