سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان دەکات بۆ لابردنی جبووری

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان دەکات بۆ لابردنی جبووری
سەرۆککۆماری عێراق نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی راگەیاند، کە بەپێی نەخشە رێگاکە داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسی لابردنی سەرۆکی پەرلەمان.

شەوی دووشەممە 17-4-2016 سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی راگەیاند و تێیدا بە حەوت خاڵ نەخشەڕێگاکە خراوەتەڕوو، تاوەکو پەرلەمان خۆی یەکلایی بکاتەوە.

خاڵەکانی نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمار داواکراوە:

یەکەم: بەپشتبەستن بە ماددەی 58 و بڕگەی یەکەم لە دەستوور و ماددەی 28 لە پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆککۆمار داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان دەکات بۆ تاووتوێکردنی پرسی لابردنی سەرۆکی پەرلەمان.

دووەم: دانیشتنێکی گشتی بە ئامادەبوونی سەرجەم فراکسیۆنەکان و بە پشتبەستن بە بنەماکانی برگەی یەکەم لە ماددەی 11 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمانتارێک سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات.

سێیەم: بە پشتبەستن بە ماددەی 60 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە رێزی ئەندامانی پەرلەمان دادەنیشن.

چوارەم: رێگە بە سەلیم جبووری دەدرێت گوتارێك پێشکەش بکات، بۆ خستنەڕووی بۆچوونی خۆی و باسکردن لە رووداوەکان و چۆنیەتی تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا.

پێنجەم: پرسی لابردنی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەوانەی دەیانەوێت دەستەکە دەستلەکاربکێشنەوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێ داواکارییەک بە واژۆو و بەپێی یاسا پێشکەش بکات و دەخرێتە دەنگدانەوە.

شەشەم: ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران پێداگیری دەکات لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی دەستەی سەرۆکایەتی، دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت.

حەوتەم: ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران نەیانتوانی رێککەون لەسەر لابردنی سەرۆکی پەرلەمان.

دەستەی سەرۆکایەتی ئێستا بەو شێوەیەی ئێستا هەیە بەردەوام دەبێت لەکارەکانی، ئەمەش بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆ.

دوابەدوای راگەیاندنی نەخشەڕێگای سەرۆکایەتی، کوتلەی ئەحرار و لیژنەی دانوستاندنکاری پەرلەمانتارە مانگرتووەکان، نەخشەڕێگاکەیان رەتکردەوە و نوێنەری سەرۆککۆمار لەگەڵیان کۆبووەوە بۆ تاووتوێکردنی پرسی دانیشتنی پەرلەمان.
Top