هێزێکی ئەمریکی بۆ پشکنین گەیشتنە پەرلەمانی عێراق
ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: بڕیارێک ھەبوو بۆ دوو دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی سەلیم جبووری و عەدنان جەنابی، کە پەرلەمانتارە مانگرتووەکان وەک سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشانیان کردووە.
ئەشواق جاف هەروەها رای گەیاند، بەهۆی ترسی لە نەبوونی ئاسایش لە پەرلەمان، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمان رۆژی هەینی 15ـی نیسانی 2016 دانیشتنی ئەمڕۆ شەممە 16ـی نیسانی دواخست.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پەرلەمانتارە مانگرتووەکان بە نیازن کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدەن و چاوەڕێی تەواوبوونی نیسابی یاسایی دەکەن و ئەگەر کۆبوونەوەکە بکرێ، ئەوا ”داوای سەندنەوەی متمانە لە هەرسێ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان دەکەن“.
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەسەر داوای حەیدە عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێزێکی ئەمریکی گەیشتوونەتە باڵەخانەی پەرلەمان و پشکنینیان بۆ پەرلەمانتاران کردووە، ”چونکە دەنگۆی ئەوە ھەیە، کە چەک دەبرێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان".
جاف هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئاشکرا کرد و رای گەیاند، ئەوان بڕیاریانداوە نەچنە ناو هۆڵی پەرلەمان، چونکە ”نامانەوێ گیانی پەرلەمانتارەکانمان بخەینە مەترسییەوە“.
باسنیوز
