“چەکدارە کوردەکانی ناو داعش دوای کوژرانیان ژنەکانیان بە چەکدارانی داعش دەدرێت”

“چەکدارە کوردەکانی ناو داعش دوای کوژرانیان ژنەکانیان بە چەکدارانی داعش دەدرێت”
ژنی ئەو چەکدارە کوردانەی ناو داعش کە دەکوژرێن، بە چەکدارانی دیکەی ڕێکخراوە توندڕەوەکە دەدرێن کە بەشێک لەوانە بەبێ مارە بڕین و لە دەرەوەی دابونەریت و شەریعەتی ئیسلام، بە بیانووی جیهادی نیکاح، هەر چەند ڕۆژەی بە چەکدارێکی داعش دەدرێن.


بەپێی چەند زانیارییەک، ژنی ئەمیر و چەکدارە کوردەکانی نێو داعش، دوای ئەوە پیاوەکانیان لە لایەن داعشەوە یان لە شەڕەکاندا دەکوژرێن، بە چەکدارانی دیکەی ڕێکخراوە توندڕەوە دراون و بەشێکیشیان “جیهادی نیکاح”یان پێ کراوە. لەمبارەیەشەوە مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕاگەیاند: “لە کۆی ئەو 500 گەنجەی لە کوردستانەوە چوونەتە ناو داعش، ١٩یان ژن و منداڵیان لەگەڵ خۆیان بردووە، هەندێک لەو كوردانە کە کوژراون، لە چەکدارانی دیکەی داعش مارە کراونەتەوە”.


بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنانە بە خۆیان و منداڵەکانیانەوە بەو چەکدارانەی داعش دەدرێن کە ناوی خۆیان لە دادگای شەرعیی ڕێکخراوە توندڕەوەکە لە مووسڵ تۆمار کردووە، دوای کوژرانی چەکداری دووەمیش، ژنەکە بە پیاوێکی دیکە دەدرێت و ژنی وا هەیە لە ماوەیەکی کەمدا بەهۆی کوژرانی بەردەوامی چەکدارەکانی داعش، بە چەندین پیاو دراوە.










باسنیوز
Top