بۆری هەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ عیراق دەکرێتەوه‌

بۆری هەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ عیراق دەکرێتەوه‌
بەمزووانە بۆری هەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ عیراق بەشێوەیەکی فه‌رمی‌ دەکرێتەوە، ئه‌وه‌ش لە درێژەی هاوکارییە ئابوورییەکانی بەغدا و تاران.

محەمەد عەلی ئیمام بەڕێوه‌بەری کۆمپانیای هەناردەی غازی ئێران بە ئاژانسی شانا ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە: "کارکردن لە پرۆژەی ڕاکێشانی بۆری غازی سروشتی ئێران بۆ عیراق تەواو بووە و بەمزووانە بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات، بەشێوەیەکی ڕەسمی دەکرێتەوه‌".

پرۆژەی ڕاکێشانی هێڵی غازی سروشتی بۆ ئێران چوار ساڵ پێش ئێستا و لەسەردەمی دەسەڵاتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراقدا واژووکرا کە بەپێی گرێبەستەکە غازی سروشتی ئێران لە پارێزگای ئیلامی ئەو وڵاتەوە بۆ هەردوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای مه‌نسوره‌ و بەغدا دەگوازرێتەوە.

هەر بەپێی ئەم گرێبەستە، لە هەنگاوی یەکەمدا ئێران رۆژانە 20 ملیۆن پێ سێجا گاز هەناردەی عیراق دەکات و پاشان ئەم رێژەیە بۆ 25 ملیۆن پێ سێجا بەرزدەبێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی سایتی هەواڵی بۆلتەن نیوزی ئێران درێژی بۆری غازی سروشتی نێوان دوو وڵات 270 کیلۆمەترە کە کۆمپانیا ئێرانیەکان کاری دروستکردنی ئەم بۆریەیان لەئەستۆگرتووە.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی میهری ئێران لە زاری سادق یاسری بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتی نەوتی عیراق گوژمەی پرۆژەکەی ئاشکراکردووە و وتویەتی تێچووی کۆی گشتی پرۆژەکە 450 ملیۆن دۆلارە.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران (ئیرنا) لە زاری حەمید رەزا عیراقی بەڕێوه‌بەری کۆمپانیای غازی ئێران ڕایگەیاندووە هەر چەندە تائێستا نەگەیشتوونەتە رێکكەوتن، بەڵام ئێران بەنیازە لە رێگەی بۆری غازی سروشتی عیراقەوە هەناردەی غاز بۆ وڵاتی کوەیت دەستپێبکات.

وڵاتی ئێران دوای ڕوسیا دووەم گەورە بەرهەمهێنی غازی سروشتیه لەسەر ئاستی جیهان.








له خەندان
Top