داعش خۆی بۆ شەڕێکی سەخت ئامادە دەکات
ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پاڵپشتی چەکدارانی ھۆزەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بەرەو نێوەڕاستی شارۆچکەی ھیت لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لەپێشڕەویدان، بەتایبەتی لە قۆڵەکانی باشووری نزیک ناوچەی محەممەدی و قۆڵی باشووری رۆژئاوا لە نزیک ھێڵی شەمەندەفەر.
نووسینگەی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار رووداوی راگەیاند "ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە قۆڵی باشوور و باشووری رۆژئاوا گەیشتوونەتە نێو شارۆچکەی ھیت و گەڕەکەکانی (ئامینە، زھور، بەسایل، جەبەل، موعەلیمین)یان کۆنترۆڵکردوونەتەوە".
چەکدارانی داعش لە ھەندێک ناوچە بەرەو ناوچەکانی نزیک رووباری فورات لە نزیک ناوچەی جەزیرە لەنێوان پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین و موسڵ پاشەکشەیان کردووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بۆمبی چێندراویان لەسەر رێگە گشتییەکان و باڵەخانەکان داناونەتەوە، ئەمەش بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم پێشڕەوی ھێزە ئەمنییەکان بەرەو نێوەڕاستی شارۆچکەکە.
رێکخراوی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندووە "وەک ئامادەکاری بۆ شەڕێکی تووند، دانیشتووانی ھەردوو قۆڵی باشوور و باشووری رۆژئاوای ھیتیان بۆ نێوەڕاست و باکووری شارۆچکەکە گواستوونەتەوە".
ھاوکات بەھۆی ئەگەری تووندی پێکدادانەکانی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش، ھەزاران کەس روویان لە قۆڵەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوا و دەرەوەی شارۆچکەکە کرد
زاگرۆس
