لیژنەیەکی پەرلەمان هەڵوێستی خۆی لەسەر کابینەکەی عەبادی ئاشکرا کرد
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ”سەلیم جبووری“، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سوپاسی لیژنەی فێرکردنی پەرلەمانی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوان یەکەم لیژنەن، کە هەڵوێستی خۆیان راگەیاندبێت.
رۆژی دووشەممە 4ـی نیسانی 2016، سەلیم جبووری رایگەیاند، کە CVـی وەزیرە ”تەکنۆکرات“ـەکانیان داوەتە پەرلەمانتاران، تاوەکو لە دانیشتنی داهاتووی تاوتوێی بکەن و دەنگی لەسەر بدەن.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی فێرکردنی پەرلەمان بە سۆمەرییەنیوزی راگەیاندووە، لیژنەکە هەڵوێستی خۆی لەسەر وەزیرەکان و کابینە نوێیەکەی ”حەیدەر عەبادی“، سەرۆک وەزیران داوە و داویەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر هەڵوێستەکەیان بە ئەرێنی یاخود نەرێنی، ئاشکرا نەکردووە.
رۆژی 31ـی ئاداری 2016، حەیدەر عەبادی لیستی ناوی وەزیرەکانی ”کابینەی تەکنۆکرات“ی پێشکەشی پەرلەمان کرد دوو کوردیش وەک وەزیری نەوت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان دەستنیشان کران.
حزبە کوردستانییەکان ناڕەزایی خۆیان لە گوێ نەدان بە مافەکانی هەرێمی کوردستان و نەدانی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بە پێکهاتەی کورد دەربڕیوە و ”نزار محەمەد سالم دۆسکی“، کشانەوەی خۆی لە وەرگرتنی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند.
ناوی وەزیرە پێشنیازکراوەکانی ”کابینەی تەکنۆکرات“:
- عەلی ساڵح حوسێن جبووری، وەزیری پەروەردە
- عەبدولڕەزاق ئەلعیسا، وەزیری خوێندنی باڵا
- حەسەن جینائی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
- عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری پلاندان و دارایی
- عەقیل مەهدی، وەزیری رۆشنبیری و لاوان
- شەریف عەلی بن حوسێن، وەزیری دەرەوە
- محەمەد نەسڕوڵلا، وەزیری داد
- وەفاء مەهداوی، وەزیری کار و کۆچ
- عەلاء موبارەک، وەزیری تەندروستی
- یوسف علی ئەلئەسەدی، وەزیری گواستنەوە
- هۆشیار ئەمین، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان
- نزار محەمەد سالم دۆسکی، وەزیری نەوت
- عەلاء دەشیر زامل، وەزیری کارەبا
باسنيوز
