لە هیت هەزار و 500 زیندانی لە بەندیخانەیەكی داعش رزگاركران
فازڵ نمراوی، عەقید لە سوپای عێراق كە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی هیت بەشدارە، لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەیەک لەنێوان رومادی و شارۆچكەی هیت، هێزە ئەمنییەكانی عێراق زیندانێكی گەورەیان لەژێر زەمینێك دۆزییەوە كە نزیكەی 1500 زیندانیكراوی تێدابوو".
هاوکات راجع عیساوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند "بەهۆی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی هیت لە رۆژئاوای رومادی، دەیان خێزانی دانیشتووی شارۆچكەكە هەڵاتوون و روویان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكان كردووە، ئەنجوومەنی پارێزگاش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە هاوبەشەكان لە شارەدێی وەفا و ناوچەی 18 كیلۆ لە رۆژئاوای رومادی، كەمپی نیشتەجێبوونیان بۆ ئامادەكردوون".
بەگوتەی عیساوی، وەك ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هیت لەدەست چەكدارانی داعش، هێزە ئەمنییەكان رێكارە ئەمنییەكانییان لە دەروازەكانی شارۆچكەی هیت چڕتر كردنووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 31/1/2016، هیزە ئەمنییەكانی عێراق بەپاڵپشتی چەكدارانی هۆزەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی هیتیان لەدەست چەكدارانی داعش راگەیاند.
رووداو
