نوێنەرانی كورد لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق كۆدەبنەوە
بۆ یەكخستنی هەڵوێستیان سەرۆك فراکسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمان و وەزیرانی كورد لە حكومەتی عێراق لەگەڵ د. فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق كۆدەبنەوە.
بڕیارە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 30-3-2016 ، نوێنەرانی كورد كە لە سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمان و وەزیرانی كورد لە حكومەتی عێراق پێكهاتوون، لەگەڵ د. فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق كۆببنەوە.
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر پێشهاتی دیكە نەیەنە پێشەوە، بڕیارێك هەیە ئەو كۆبوونەوەیە بكەین، بەڵام رووداوەكان زۆر بەپەلە تێدەپەڕن و روون نییە دۆخەكە بە چ ئاراستەیەك دەڕوات".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش كردەوە، بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی روودەدەن لە عێراقدا، كورد یەكهەڵوێستە و بەجەختكردنەوە گوتی "ئەوە هەموومان لەم كاتە هەستیارەدا دڵمان پێی خۆشە، یەكدەنگی و یەكڕیزی كوردە لە بەغدا".
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئێستا لەژێر فشارێكی زۆری موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەران دایە و لەو مۆڵەتەی پەرلەمانی عێراق بۆی دیاریكردبوو بۆ راگەیاندنی گۆڕانكارییە وەزارییەكان، كەمتر لە 24 كاتژمێری ماوە.
رووداو
