ئارێز عه‌بدوڵڵا: كورد رێگه به‌وه نادات عه‌بادی كاندید بۆ پۆسته‌كانی كورد دیاری بكات
هه‌رچه‌نده بڕیاربوو ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ناوی كاندیده‌كان بۆ حكومه‌تی ته‌كنۆكرات راده‌ستی په‌رله‌مان بكات و له دانیشتنی په‌رله‌ماندا ئاماده‌بێت، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ی دواخست بۆ چه‌ند رۆژێكی دیكه.
ئارێز عه‌بدوڵڵا جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی عیراق به‌خه‌ندانی وت: "بڕیاربوو ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی بێته په‌رله‌مان و لیستێك پێشكه‌ش بكات بۆ حكومه‌تی ته‌كنۆكرات، به‌ڵام دواكه‌وتووه بۆ دووشه‌ممه یان سێشه‌ممه‌ی داهاتوو".
وتیشی: "جارێ دیار نییه عه‌بادی چ جۆره چاكسازیه‌ك ده‌كات و ده‌یه‌وێت، ئه‌وه‌ی روونه ئه‌وه‌یه به‌دوو قۆناغ وه‌زیره‌كان ده‌گۆڕێت و وه‌زاره‌ته‌كان بچووكدهكرێتهوه بۆ 15 وه‌زاره‌ت و بڕیاریشه له‌سه‌دا 20ی پشكی كورد بێت، هێشتاش ناكۆكی و نیگه‌رانی نێوان لایه‌نه‌كان زۆره، چونكه نه‌یتوانیووه به‌رنامه‌كه‌ی خۆی كۆبكاته‌وه‌و پێشكه‌شی په‌رله‌مانی بكات".
هه‌وڵه‌كانی عه‌بادی بۆ پێكهێنانی كابینه نوێیه‌كه‌ی له‌كاتێكدایه، تائێستا كورد هیچ كاندیدێكی پێشكه‌ش به عه‌بادی نه‌كردووه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی به‌ریده‌كه‌وێت له كابینه نوێیهكهداو جه‌ختیشده‌كاته‌وه كاندید پێشكه‌ش به عه‌بادی ناكات.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌خه‌ندانی راگه‌یاند، كوتله كوردستانییه‌كان به‌حه‌یده‌ر عه‌بادیان راگه‌یاندووه كه رازی نابن به گۆڕینی وه‌زیره‌كانیان له حكومه‌تی ئێستا‌و كاندید پێشكه‌ش ناكه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكرایكرد، ئه‌و كاره‌ی كورد وا له‌عه‌بادی ده‌كات چه‌ند كاندیدێكی كورد كه سه‌ر به حزبه كوردییه‌كان نه‌بن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته وهزاریانه كاندید بكات كه به‌ر كورد ده‌كه‌ون، به‌ڵام ئارێز عه‌بدوڵڵا جه‌ختیكرده‌وه كورد خه‌ڵكی ته‌كنۆكراتی تێدایه‌و رێگه‌ش ناده‌ن عه‌بادی خۆی كه‌سانێك به‌ناوی ته‌كنۆكراته‌وه له‌سه‌ر پشكی كورد كاندید بكات "ئه‌وه مافی خۆمانه‌و یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تریش خه‌ڵكانی ته‌كنۆكراتیان تێدایه".
وتیشی: "پێمانوانییه گۆڕانكاری ته‌نها به‌گۆڕینی وه‌زیره‌كان ببێت و ده‌بێت گۆڕانكاریه‌كان هه‌مه‌لایه‌نه بێت، ئه‌گه‌ر ته‌نها گۆڕینی وه‌زیره‌كان بێت ئێمه له‌گه‌ڵیدا نین".
ئارێز عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: "تائێستا وه‌كو لایه‌نه سیاسییه‌كان كورد هیچ كاندیدێكمان نه‌داوه، وتوشمانه وه‌زیره‌كانی ئێمه باشن ئیتر بۆچی بیانگۆڕین خۆشی ده‌ڵێت وه‌زیره‌كان باشن، به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نین وه‌زیره كورده‌كان هاوشێوه‌ی هه‌ندێك له وه‌زیره‌كانی تر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه پێشكه‌شبكه‌ن".
لایه‌نه كوردستانییه‌كان له حكومه‌تی ئێستا عیراقدا ته‌نیا سێ وه‌زیریان هه‌یه، هۆشیار زێباری وه‌زیری دارایی، فریاد رواندزی وه‌زیری رۆشنبیری و ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران، دیاریش نییه له حكومه‌تی ته‌كنۆكرات چه‌ند وه‌زاره‌ت به‌ر كورد ده‌كه‌ون.
مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له فراكسیۆنی گۆڕان بۆ خه‌ندان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كوتله كوردییه‌كان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێشكه‌شنه‌كردنی هیچ كاندیدێك به عه‌بادی.
وتیشی "روئیای عه‌بادی بۆ گۆڕانكاریی روون نییه‌و دیاریش نییه گۆڕانكارییه جوزئی ده‌بێت یان گشتگیر".
دوێنێش تارق گه‌ردی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عیراق بۆ خه‌ندان جه‌ختیكردبوویه‌وه، لایه‌نه كوردستانیه‌كان هیچ كاندیدێكیان نییه بۆ حكومه‌ته ته‌كنۆكراته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، چاكسازی به گۆڕینی وه‌زیره‌كان ناكرێت، وه‌ك لایه‌نه كوردستانیه‌كانیش نایانه‌وێت بچینه ناو ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی نێوان سوننه‌و شیعه له‌لایه‌ك، خودی ناو ماڵی شیعه له‌لایه‌كی دیكه.
