پەرلەمانتارێکی عێراق: بەدادگاییکردنی مالیکی کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبێت
”عادل نوری“، پەرلەمانتاری عێراق لەفراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەنامەیەکدا، کە ئاراستەی ”حەیدەر عەبادی“ سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، رایدەگەیەنێت، "کەوتن و رادەستکردنەوەی مووسڵ بە رێکخراوی توندڕەوی داعش راستەوخۆ نوری مالیکی لێی بەرپرسیارە، ئێمە دۆسیەکەمان یەکلاییکردەوە و رەوانەی دادگامان کرد تۆش ناوبراو رادەستی دادگا بکە".
لەو نامەیەدا، عادل نوری پێیوایە لە دۆسیەی سپایکەریشدا، کە تێیدا هەزار و 700 سەربازی عێراقی بە دەستی چەکدارانی داعش کوژران، ”ھەر نوری مالیکی تاوانبارە“ و جگە لەوەش، ”بەرپرسیارە لەدیارنەمان و بەھەدەردانی 500 ملیار دۆلار".
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە بە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشتری عێراق، دەستگیرکردن و دادگاییکردنی گەندەل و تاوانبارەکانی دیکە ”ئاسانە و کەسیش ناوێرێ چیتر گەندەڵی بکات“.
باسنيوز
