فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا: گەورەترین بەربەستی بەردەم پێشڕەوی هێزەکان، بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتوانی موسڵە

 فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا:  گەورەترین بەربەستی بەردەم پێشڕەوی هێزەکان، بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتوانی موسڵە
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا ژمارەی چەکدارانی داعش لە پارێزگای نەینەوا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت " داعش 6 بۆ 8 هەزار چەکداری لە نەینەوا هەیە".

لیوا روکن نەجم جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بە قۆناخ دەبێت و چاوەڕێی فەرمانی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانین، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوی یەکەم.

لیوا روکن نەجم جبووری، باس لە وادەی دەستپێکردنی پرۆسەی سەربازیی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەکات و دەڵێ "ئەمە دەوەستێتە سەر پێشڕەوییە سەربازییەکانی دۆڵی رووباری فوڕات".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا هەروەها ئاماژە بە ناکۆکی تووندی نێوان لایەنە جیاجیاکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە شەڕی موسڵ و، پێیوایە "ئەو ناکۆکی و ململانێیانە لە بەرژەوەندی چەکدارانی داعشدان".

جبووری باس لەوەش دەکات "داعش هەندێک ناوچە چۆڵ دەکات و زیاتر هەوڵەکانی لە نزیک موسڵ چڕدەکاتەوە، چونکە دەزانێت هیچ چارەیەکی دیکەی نییە و، بەپێی زانیارییەکانیش داعش 6 بۆ 8 هەزار چەکداری لە نەینەوا هەیە".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا پێوایە گەورەترین بەربەستی بەردەم پێشڕەوی هێزەکان، بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتوانی موسڵە، کە داعش وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاریان دێنێت.








رووداو-
Top