حەیدەر عەبادی لە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دڵنیایە
عەبادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردووەتەوە، دڵنیایی خۆی نیشانداوە لەوەی هێزە عێراقییەكان لەپڕۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ و تەواوی پارێزگای نەینەوا سەردەكەون.
باسی لەوەشكردووە، چەكدارانی داعش بەهۆی ئەو شكستە گەورانەوە كە روبەڕوویان بووەتەوە لەگۆڕەپانی شەڕ هەڵدێن لەزۆرێك لە ناوچەكان و دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی تاوان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.
سەبارەت بە هێرشی داعش بۆ سەر شارۆچكەی تازە لەسنوری كەركوك بەچەكی كیمیایی، عەبادی رایگەیاند ئەو كارەی داعش بەبێ سزا تێناپەڕێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق هەروەها داوای لە روسیا كرد هاوكاری زیاتری سەربازی و هەواڵگری عێراق بكات بۆ بنەبڕكردنی داعش.
سەبارەت بە بارودۆخی سوریاش رایگەیاند، هەڵوێستی بەغدا جێگیرە لەبارەی رەتكردنەوەی دەستوەردان لە كاروباری سوریاو ئاماژەی بەوەشكرد هەر دەستوەردانێكی سەربازی زەمینی قەیرانەكە گەورەتر دەكات.
خەندان
