سعودیە: بە عێراقدا سوپا دەنێرینە سوریا و سوپای عێراقیش تێکدەشکێنین

 سعودیە: بە عێراقدا سوپا دەنێرینە سوریا و سوپای عێراقیش تێکدەشکێنین
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی بە خاکی عێراقدا سوپا دەنێرێتە سوریا و ئەگەر سوپای عێراقیش ناڕازی بێت، ئەوا ”تێکیدەشکێنین“.



بەپێی هەواڵی چەند میدیایەکی عەرەبی، ”عادل جوبەیر“، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاندووە، ئێران هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی ئەنبار دوابخات، چونکە ”خۆی رێکخراوی توندڕەوی داعشی دروستکردووە بۆ لەناوبردنی پێکهاتەی سوننە لە عێراق“.



عادل جوبەیر ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەمریکا رەزامەندیی نیشانداوە لە چوونی هێزێکی سعودیە بە نێو خاکی عێراقەوە بۆ سوریا و هەڕەشەی لە ”حەیدەر عەبادی“، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەر هێزێکیش کرد، کە بیەوێ رێگریی لە سوپای سعودیە بکات، ”هەتا ئەگەر سوپای عێراقیش بێت“، ئەوا تێکیدەشکێنن.



وەزیری دەرەوەی سعودیە هۆشداریی داوەتە حەیدەر عەبادی و رایگەیاندووە، کە وەک چۆن ئۆپەراسیۆنیان دژی چەکدارە حوسییەکان (شیعە)ی یەمەن بۆ رزگارکردنەی پێکهاتەی سوننەی ئەو وڵاتە ئەنجام دا، وڵاتەکەی پارێزگاریی لە سوننەکانی عێراقیش دەکات.



سعودیە وڵاتێکی ئیسلامیی سوننەیە و لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سوریاوە، دژایەتیی خۆی بۆ رژێمی ئەو وڵاتە نیشانداوە و ناردنی هێزیش بۆ پشتگیریکردنی هێز و گرووپە سوننەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە.






باسنیوز
Top