عێراق لە بەغدا نووسینگەی بۆ پەكەكە كردووەتەوە

 عێراق لە بەغدا نووسینگەی بۆ پەكەكە كردووەتەوە
بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال، ڕایگەیاند، پەكەكە ئامادە نییە شنگال چۆڵ بكات؛ وا حكوومەتی عێراقیش لە بەغدادا نووسینگەیەكی بۆیان كردووەتەوە و، هانیشیان دەدا لە شنگالدا بمێننەوە و فیتنە و دووبەرەكی بنێنەوە!

(وەحید باكۆزی) بەرپرسی لقی ١٧ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پەكەكە ئامادە نییە شنگال چۆڵ بكات، ئەوەیش دیارە هێزێكی دەرەكییە و لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە هاتووە؛ خۆی دەرفەتی پێ نەدراوە لە هەرێمی كوردستان و، تەنانەت لە عێراقیشدا كار بكات، بەڵام بەبێ ئینجازە لە خاكی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێ بووە، ئەوەیش بۆ تێكدانی ڕەوشی ناوچەكە و نانەوەی ئاژاوە و فیتنە! حكوومەتی عێراق لە بەغدا نووسینگەیەكی بۆیان كردووەتەوە و پشتگیرییان لێ دەكا چۆڵی نەکەن و كاری خراپە بكەن؛ هەرچەندە ماوەیەك لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەو هێزانەی لە دەرەوە هاتوونەتە ناو عێراق و سەروەریی خاكی عێراقیان بنپێ كردووە، وەك هێزی توركیا لە باشیك دەبێت بچنە دەرەوە؛ ئەی باشە بۆچی داوا ناكەن پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بچێتە دەرەوە و، نووسینگەیشیان بۆ دەكەنەوە و پشتیشیان دەگرن! دیارە مەبەستیانە ڕەوشی ناوچەكەیان پێ تێک بدەن."

گوتیشی: "ئێمە داوامان لێ كردوونە دەبێت ناوچەكە چۆڵ بكەن؛ پێمان ڕاگەیاندووە ئەگەر ئێوە بۆ پشتگیری لە خەڵكی ناوچەكە هاتوونە، ئەوەتا شنگال ئازد کراوە و، دەشێ چۆڵی بکەن؛ وەكچۆن هێزی پێشمەرگە بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان چوونە كۆبانێ و، کە شارەکە ئازاد کرا، گەڕانەوە، پێویستە ئێوەیش بگەڕێنەوە، بەبێ ئەوەی بكەونە ژێر كاریگەریی وڵاتانی دەوروبەر؛ دیارە ئەوانە بە فیتی وڵاتانی عێراق و ئێران لە ناوچەكە نیشتەجێ بوونە و، ئامادە نینە ناوچەكە چۆڵ بكەن؛ شنگال بەشێكە لە هەرێمی كوردستان؛ با وەك ئەركێكی نەتەوەیی چۆڵی بكەن و بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی كە لەوێوە هاتوونە".
Top