عێراق ئەمساڵ ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات
ئاژانسی پرێس هێراڵد لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بە نەوت دەكات كە لەسەدا نەوەدی داهاتی حكوومەتی عێراقی پێكهێناوە و ئێستاش لەبەر دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان، بەغدا ناتوانێت مووچەی حەوت ملیۆن كەس لە هاووڵاتییانی خۆی دابین بكات. سەرچاوەكە لێدوانی ڕاوێژكارێكی ئابووریی گواستەوە كە سەرەڕای لێدوانی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەسەر بەڕێوەبردنی ئاسایی كاروباری وڵات، بەگومانە لەوەی كە بەغدا بتوانێت لە مانگەكانی كۆتایی ئەمساڵدا تەنانەت كاڵای دەرەوەش هاوردە بكات و ئەركەكانی دەوڵەت بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە بچێت.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە عێراق بەدوای قەرزی زیاتری نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی پاشكەوتی بانكی ناوەندی گرفتی بۆ دروست كردووە لە ڕووی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەت.
ساڵی ڕابردوو حكوومەتی بەغدا بڕی یەك ملیار و بیست و چوار ملیۆن دۆلاری وەك قەرزی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و واشنتۆنیش دووسەد و حەوت ملیار دۆلاری لە چوارچێوەی قەرزی سەربازی بە عێراق داوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە حكوومەتی ئەڵمانیا پێنجسەد و پەنجا ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە حكوومەتی بەغدا كردووە بۆ بونیادنانەوەی عێراق.
