فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق هەزاران بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی موسڵدا فڕێدایە خوارەوە
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی بەرگری عێراق ئاشکرای کردووە، فرۆکە جەنگیەکانی عێراق بەهەزاران بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی فەلوجە و حەدیسە و موسڵدا خستووتەوە خوارەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆتایی هاتنی داعش نزیکە و لێرە بەدواوە هاوڵاتیان خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی دوای داعش.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، جیهان شانازی بە خۆڕاگرییەکانی دانیشتوانی حەدیسە و موسڵ و فەلوجەوە دەکات و بەم نزیکانەش ئەو ناوچانە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا نامێنێت.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە عێراقییەکان لە دەوروبەری فەلوجەدا پێشڕەوییان کردووە و توانییویانە چەند ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکەنەوە.
لەماوەی ڕابردووشدا دەیان جار فرۆکە جەنگییەکانی عێراق، بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی موسڵدا فڕێ داوەتە خوارەوە و بەڵێنی ئەوەیان بە دانیشتوانی شارەکە داوە کە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ نزیک بووەتەوە.
