سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەگەڵ حیزبەكان كۆدەبنەوە
هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی عێراق كۆدەبنەوە و تێیدا باس لە گۆڕانكاری لە حكومەتی عەبادی، كێشە ئابووری و ئەمنییەكان و گرفتەكانی بەنداوی موسڵ دەكرێت.
خەسرەو گۆران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2/3/2016، سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و حكومەت و پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەری نزیكەی 25 لایەنی سیاسی عێراق كۆدەبنەوە".
بەگوتەی خەسرەو گۆران، ئەو کۆبوونەوانە مانگی جارێك دەكرێن، بەشێوەیەكی گشتی لە كۆبوونەوەكەی ئەمجارەدا باسی ئەو گۆڕانكارییانە دەكرێت كە حەیدەر عەبادی بەنیازە لە حكومەتەكەیدا بیانكات، هاوكات باسی قەیرانی دارایی و كێشە ئابووری و ئەمنییەكانیش دەكرێت بەتایبەت کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و گرفتەكانی بەنداوی موسڵ.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی راشیگەیاند: "ئەوەندەی بزانم كۆبوونەوەكە زیاتر راوێژكاری دەبێت، نوێنەرانی 11 حیزب و لایەنی شیعە، 7 لایەنی سوننە، 5 حیزبی کوردی لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبن و هەریەک لە شیوعی و مەسیحییەکانیش نوێنەریان دەبێت".
بەپێی زانیارییەكانی خەسرەو گۆران، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی كورد لەو كۆبوونەوەیەدا بریتی دەبن لە "د.رۆژ نووری شاویس لە پارتی، سەعدی ئەحمەد پیرە لە یەكێتی، عەلی باپیر لە كۆمەڵ، خەلیل ئیبراهیم لە یەكگرتوو و هۆشیار عەبدوڵڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان".
رووداو
