" 30 " سەرباز و پۆلیسی عێراق لە هێرشەکەی ئەمڕۆی بەغدا کوژران

بە گوێرەی چەند بەرپرسێکی عێراق کە بۆ بی بی سی دواون لە هێرشەکەی چەکدارانی داعش ئەمڕۆ بۆ سەر شارۆچکەی ئەبو غرێب لە نزیکی بەغدا 30 سەرباز و پۆلیسی عێراق کوژراون.

سەرچاوەکانی بی بی سی راشیانگەیاندووە کە: "لە هێرشەکەی ئەمڕۆی چەکدارانی داعش بۆ سەر بنکەیەکی سوپای عێراق لە ناوچەی ئەبو غرێب 30 سەرباز و پۆلیس کوژران".

بە گوێرەی سەرچاوەکان داعش هێرشەکەی ئەمڕۆی لە ئەبو غرێب بە تەقاندنەوەی سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو دەستپێکرد و دواتر شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکانی عێراق روویدا.

هاوکات ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس لە زاری سەعد حەربیی، فەرماندەی هەڵمەتە سەربازییەکان لە رۆژئاوای بەغدا رایگەیاند: "دۆخەکە لە ناوچەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و هێزە ئەمنییەکان هاتووچۆیان لە ناوچەکە قەدەغە کردووە".

پێشتر یوسف ئەلعەبادیی، لە راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە تایبەت بە ماڵپەڕی (کوردستان24)ی راگەیاند: "کۆمەڵێک لە چەکدارانی داعش بەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ئەلعبادیی و هیتاویین لە شارۆچکەی ئەبو غرێب لە نزیکی شاری بەغدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوە و ئێستا زۆری نەماوە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا کۆتایی بێت".

ئەلعەبادیی گوتیشی: "داعش بە ژمارەیەک چەکدار و بە دوو خۆکوژەوە هێرشی کردە سەر ئەو ناوچانە و لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکان خۆکوژەکان کوژران و چەند چەکدارێکی دیکەشی گرووپەکە کوژراون، بەڵام هێشتا زیانەکان بە وردیی نەزانراون".

ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی هەینیی رابردووەوە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتی سەربازیی فراوانیان دەستپێکردووە بۆ گرتنەوەی شارۆچکەی فەللوجە لە رۆژئاوای عێراق کە لە سەرەتای ساڵی 2014 لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە و نزیکەی 40 کم لە پایتەختی عێراقەوە دوورە.

هاوکات شارۆچکەی ئەبو غرێب کە ناوچەیەکی سەر بە بەغدایە و سوننە نشینە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە لە عێراق تا ئێستا ئامانجێکی سەرەکیی گرووپەکە بووە بۆ گەیشتن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و بەردەوام هێرشی چەکدارایی و خۆکوژیی لەو ناوچەیە روو دەدات.















K24
Top