شەڕ لە ناو بەغدایە و هێزێکی زۆری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرەو بەغدا جوڵێنراون

 شەڕ لە ناو بەغدایە و هێزێکی زۆری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرەو بەغدا جوڵێنراون
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بە شەڕی نێوان سوپای عێراق و داعش لە نزیک شاری بەغدا دەکات.



لە شەوی ڕابردووەوە، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوچەکانی دەوروبەری فەلووجەوە خۆیان گەیاندووەتە شارۆچکەی (ئەبو غرێب)ی باشووری ڕۆژئاوای شاری بەغدا کە چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شاری بەغداوە دوورە و ئێستا شەڕێکی سەخت لەو شارۆچکەیە بەڕێوە دەچێت.

لەمبارەیەوە "ئەمیرە کەریم"، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،ڕاگەیاند: “داعش هەوڵێکی زۆری داوە، تا بگاتە ئەبو غرێب، دوای ئەوەی هەوڵەکانی سەرکەوتوو بووە، ئێستا هێزێکی زۆریان لە مووسڵەوە بەرەو ئەبوغرێب ڕەوانە کردووە، جگە لەوەی شانەی نهێنیی داعش لە ناوچەکە دەستیان داوەتە چەک و هەڵساونەتەوە. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستا حکوومەتی عێراق، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرەو ئەو ناوچانە جوڵە پێکردووە، ئێساش بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە پەرلەمانتاران دراوە، هێزەکان بەرانبەر بە یەکتری وەستاونەتەوە.

ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی دووپات کردەوە: “بەهۆی شەڕەکەوە، ترس و دڵەڕاوکێ لەناو دانیشتووانی بەغدا درووست بووە، چونکە ئەبوغرێب زۆر لە بەغداوە نزیکە، دەتوانین بڵێین شەڕ لە ناو بەغدایە”.





باسنیوز
Top