ئەنجوومەنی نەینەوا: خەڵکی موسڵ حەشدی شەعبی رەتدەکەنەوە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، خەڵکی موسڵ رەتیدەکەنەوە حەشدی شەعبی بەشداریی لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بکات بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانی تووندوتیژی تایفی لە داهاتوودا.
عەلی خوزەیر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند " ئێستا ئامادەکاریی جیددی دەکرێت بۆ بەشداریکردنی: فیرقەی 12 لە سوپای عێراق، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، سێ فەوجی پۆلیسی لۆکاڵی و هێزەکانی پێشمەرگە سەرەڕای بەشداریکردنی فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپێناو بەئامانجکردنی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ".
ئاشکراشی کرد " ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هیوای ئەوەیان هەیە لە دانیشتنی داهاتوودا بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رەتبکەنەوە".
خوزەیر، ئاماژە بەوەش دەکات کە خەڵکی موسڵ دەترسن لەوەی حەشدی شەعبی بەشداری لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیان بکات، بەهۆی ئەوەی لە بێجی و تکریت کە بەشداریان کردووە رووداوی کوشتن و تاڵانکردن هەبووە.
حەشدی شەعبی لە 13/6/2014 لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرا، بە هێزێکی نیمچە سەربازی دادەندرێت کە سەر بە شیعەیە و دوای فەتوای مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە عێراق سەریهەڵدا.
خەڵکی موسڵ و پارێزگای نەینەوا پێیان وایە حەشدی شەعبی " هێزێکی تایەفییە" و " سەرکردەی زۆریان هەیە و هێزێکی رێکوپێک نییە"، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی تووندوتیژی و داعشیش ئەو هەلە بقۆزێتەوە،
ئەمە لە کاتێکدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی شەممەی رابردوو لەکاتی بەشداریکردنی لە دانیشتنیکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەکەن".
رووداو
