عەبادی و فەرماندە سەربازییەکان رزگارکردنەوەی مووسڵ تاوتوێ دەکەن

 عەبادی و فەرماندە سەربازییەکان رزگارکردنەوەی مووسڵ تاوتوێ دەکەن
سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان، تاوتوێی پرسی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا دەکەن.



بەپێی راگەیەندراوێک، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە باسنیوز، ”حەیدەر عەبادی“، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 25ـی شوباتی 2016، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرماندەکان کردووە و رایگەیاندووە، کە بۆردومانەکانیان بۆ سەر بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، “کەمەرشکێن بوون“.



لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای دووپاتکردنەوەی بەردەوامیی شەڕ لە دژی چەکدارانی داعش، پلانەکانی رزگارکردنەوەی مووسڵ و سەرکەوتنی هێزەکانی عێراق ”بە کەمترین زیان“ گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.



بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ نزیک بووە و بڕیارە هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بەشداریی ئەو ئۆپەراسیۆنە بکات.



بەهۆی نزکبوونەوەی هێرشی هیزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بۆ سەر شارەکە، سەرکردەکانی داعش ژن و منداڵەکانیان بە نهێنی دەبەنە دەرەوەی مووسڵ و شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقیش رایگەیاندووە، کە بەم هۆیەوە و بە تۆمەتی “خیانەتکردن“، ”ئەبوبەکر بەغدادی“، خەلیفەی داعش فەرمانی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی مووسڵی دا.





چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، لە مانگی حوزەیرانی 2014 و دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، دەستیان بەسەر شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و بەشێکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالەدا گرت.



باسنیوز
Top