وەزیرى نەوتى عێراق: لە مانگى ئابی ڕابردووەوە دەستلەکارکێشانەوەم ڕادەستى عەبادی کردووە

وەزیرى نەوتى عێراق: لە مانگى ئابی ڕابردووەوە دەستلەکارکێشانەوەم ڕادەستى عەبادی کردووە
وەزیرى نەوتى عێراقی ڕایگەیاند لە مانگى ئابی ئەمساڵەوە دەستلەکارکێشانەوەى خۆمم ڕادەستى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق کردووە.

عادل عبدولمەهدى وەزیرى نەوتى عێراقی ئەمڕۆ ٢٤ى شوباتى ٢٠١٦ ڕایگەیاندووە لە پێناو ئەنجامدانى چاکسازى لە حکومەتى عیراقدا هەر لە مانگى ئابی ساڵى ٢٠١٥ دەستلەکارکێشانەوەى خۆمم داوەتە سەرۆک وەزیرانى عێراق.

ئەمەش لە دواى ئەوەهات پێشتر ڕاگەیاندنە عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە وەزیری نەوت و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی کابینەکەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کوتلەی مواتن دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان داوەتە دەست عەمار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ ئەوەى بدرێتە حکومەتى عێراقی وەک پیشاندانی نیازپاکى و پشتگیریی بۆ پلانى چاکسازیى عەبادى و دروستکردنى حکومەتى تەکنۆکرات.

وەزیرەکانیش هەریەکە لە عادل عەبدولمەهدى وەزیری نەوت، بەیان جەبر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، عەبدولحسەین عەبتان وەزیری وەرزش و لاوان لە کوتلەی مواتن وازنامەى خۆیان پێشکەش کردووە.

پێشتر ئەنجونی باڵای ئیسلامی ڕایگەیاندبوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە حکومەتی عیراق پێویستە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانیش دەست لە کار بکێشێتەوە.
Top