سوننه‌كان: حەشدی شەعبیی لە جەنگی مووسڵ به‌شدار نابێ
هاوپه‌یمانیی هێزه عێراقییه‌كان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "به به‌شداریی سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تیی له ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی شاری مووسڵ له ده‌ستی داعش پێویسته رۆڵه‌كانی ئه‌و شاره بهرپرسیارێتییەکەی بگرنه ئه‌ستۆ به‌بێ به‌شداریی هیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی".
به‌گوێره‌ی راگهیەندراوەکە دوای كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی سوننه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه نوجێفیی و به ئاماده‌بوونی وه‌زیره‌كان و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی پەرلەمانی عێراق له عه‌ره‌بی سوننه: "به‌كۆی ده‌نگ بڕیاری به‌شداربوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه درا شان به شانی سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان له رزگاركردنی شاری مووسڵ".
به‌گوێره‌ی راگهیەندراوەکە بۆ گرتنه‌وه‌ی شاره‌كه هاوكاریی هاووڵاتیانی مووسڵ ده‌كرێت له رووی سه‌ربازیی و پڕچهككردنیانهوه و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش رێگه نادرێت حه‌شدی شه‌عبیی شیعە له‌و جه‌نگه به‌شداربێ.
لایه‌نه‌كانی سوننه ده‌شڵێن: "هه‌ر بڕیارێك بۆ به‌شداریپێكردنی حه‌شدی شه‌عبیی له جه‌نگی مووسڵ، ده‌بێته هۆی هاوكاریكردنی چه‌ته‌كانی داعش و روودانی جه‌نگی تائیفی".
راگه‌یاندنه‌كه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته روو: "حه‌شدی وه‌ته‌نیی كه له سه‌رجه‌م پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێكدێت، ده‌توانن مامەڵە له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی پارێزگاكه بكه‌ن و ئه‌ركی خۆیان ئه‌نجامبده‌ن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه دوێنێ شه‌ممه 20/2/2016 سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەردەم پەرلەمانی عێراقدا گوتی: "بۆ ئازادكردنی مووسڵ ھەماھەنگیی تەواومان لەگەڵ پێشمەرگە كردووە".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكراشی كرد، ھەموو دیدارەكانی لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ھەماھەنگیی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بووە و گوتیشی: "ھەموو ھێزەكان لە ھەڵمەتی ئازادكردنی مووسڵدا بەشدار دەبن".
ھەروەھا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند ھەماھەنگییە سەربازییەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر بەردەوامن و پێشمەرگەش بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عێراق.
K24
