کاتی ڕزگارکردنی مووسڵە
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ (ھاشم بریفکانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرسی دەستپێکردنی پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ ئێمە چەندین جار بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدامان کردووە؛ دەڵێن سەرقاڵی پلاندانان و ئامادەکارین لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا؛ جگە لەوەش لەگەڵ ژووی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ لە مەخموور دانیشتنمان کردووە کە پێشمەرگەش تێدا بەشدارە، بۆیە ئەوەی ھەبوو لە ماوەی ڕابردوو دانانی پلان و ئامادەکاری بووە؛ ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئێستا دوو لیوا لە فرقەی ١٥ ھاتووە بۆ مەخموور و چاوەڕێی ھاتنی کەتیبەی مدرەعەی ٧٦ین کە بێتە مەخموور، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ دەست پێبکات."
(ھاشم بریفکانی) گوتیشی، سێ ھێز بەشداری لە پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵدا دەکەن؛ ھێزەکانی عێراق و ھاوپەیمانان و پێشمەرگە؛ خۆی بەبێ پێشمەرگە ئەو شەڕە سەرناگرێت؛ ئەمڕۆ پێشمەرگە ھێزێکی سەرەکییە لە شەڕی داعشدا.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشوبەرگی لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ وتیشی، قۆناغی دانانی پلان وئامادەکاری لەسەر وەرەقە تەواو بووە و، کاتی کارکردنە، بۆیە چاوەڕێی دەستپێکردنی پرۆسەکەین و ئەمساڵ مووسڵ ڕزگار دەکرێت.
ڕایشیگەیاند: "ڕۆژی هەڵگیرسانی شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵ دیاری نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت مانگی چوار تا پێنج بێت."
(بریفکانی) ئاماژەیشی دا، ئەو ھێزانەی ھاتوون تایبەتن بە ڕزگارکردنی مووسڵ و، ئەو ھێزانە لەو ناوچانە نامینێن؛ کەینێ مووسڵ ڕزگار کرا دەچنە دەرەوەی مووسڵ و، ئەرکی پاراستنی ناو مووسڵ دەسپێردرێتە پۆلیسی مووسڵ خۆی.
