ئەسیل نوجەیفی هۆکارەکانی کردنەوەی نوێنەرایەتیی سوننەکان لە ئەمریکا ئاشکرا دەکات

ئەسیل نوجەیفی هۆکارەکانی کردنەوەی نوێنەرایەتیی سوننەکان لە ئەمریکا ئاشکرا دەکات
پارێزگاری پێشووی نەینەوا و فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی، هۆکارەکانی کردنەوەی نوێنەرایەتیی سوننەکانی عێراق لە ئەمریکا، ئاشکرا دەکات.



”ئەسیل نوجەیفی“، پارێزگاری پێشووی نەینەوا، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی پێکهاتەی سوننە لە عێراق، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق نوێنەرایەتییان لە دەرەوە هەیە، جگە لە سوننەکان.



بە گوتەی ئەسیل نوجەیفی، کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی سوننەکانی عێراق لە واشنتن بۆ ”تەواوکردنی وێنەی عێراقە لە دەرەوە“، چونکە لە سایەی حکوومەتی ئێستای عێراقەوە، ”هەموو پێکهاتەکان جگە لە سوننە نوێنەرایەتیی لە دەرەوە نەبوو“.



ئەو سەرکردەیەی سوننەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو نوێنەرایەتییە ئەو ”کارەساتانە“ بە سوننەکانی جیهان و ئەمریکا نیشان دەدات، کە ”براکانیان“ لە شیعەکانی عێراق بەسەر سوننەکانیان هێناوە.



نوجەیفی پێشیوایە، نووسینگەکە دەبێتە هۆی گەڕان بە دوای پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ”مافە یاسایی، دەستووریی و مرۆییەکانی سوننەکان“.



دوای سەردانی ”سەلیم جبووری“، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێکهاتەی سوننەی عێراق بۆ ئەمریکا، رێککەوتن ئەنجامدرا بۆ کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی سوننەکانی عێراق، لە شاری واشنتنی پایتەختی ئەمریکا.



سوننەکانی عێراق بەردەوام حکوومەتی وڵاتەکەیان بە حکوومەتی شیعە مەزهەبەکان دادەنێن و پێیانوایە ئەم حکوومەتە، لەسەر بنەمای تائیفی و مەزهەبی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و پەراوێزی خستوون.





باسنیوز
Top