حەیدەر عەبادی هێزی سەربازی رەوانەی مووسڵ دەكات

 حەیدەر عەبادی هێزی سەربازی رەوانەی مووسڵ دەكات
بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی شەڕی گرتنەوەی شاری مووسڵ، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێ هێزی سەربازی رەوانەی شاری مووسڵ كردووە.



سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند وەك ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی شەڕی رزگاركردنەوەی مووسڵ لەژێر دەستی چەكدارانی داعش، هێزی سەربازی رەوانەی ئەو شارە كردووە.



لە روونكردنەوەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆك وەزیران بڵاوی كردووەتەوە، لە پەڕاوێزی دیداری لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا ناتیۆ رێنزی لە رۆما، عەبادی گوتوویەتی "هێزەكانی عێراق سەركەوتنی گەورەیان بەسەر رێكخراوی داعش بەدەست هێناوە و ئێستەش هیچ هێزێكی وشكانی غەیرە عێراقی نەبێت لەسەر عەرز شەڕی ئەو رێكخراوە بكات".



لە بەشێكی دیدارەكە وەك لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، عەبادی بە سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا ئەوەشی راگەیاندووە كە هێزی سەربازی بۆ گرتنەوەی شاری مووسڵ رەوانەی ئەو شارە كردووە.



بەپێی روونكردنەوەكە عەبادی سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانییەكانی ئیتاڵیا بۆ هێزەكانی عێراق لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش كردووە .


هەروەها یەحیا رەسووڵ گوتەبێژی فەرمی بەناو فەرماندەی هێزە هاوبەشەكان سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند ئامادەكارییە سەربازییەكان بۆ شەڕی گرتنەوەی مووسڵ لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی نەینەوا لە قەزای مەخموور، بەردەوامە.










باسنیوز
Top