حەیدەر عەبادی: مووچەی پێشمەرگە نادەین
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقی راگەیاندووە "مووچەی پێشمەرگە نادەن و پۆستی سوپاسالار و بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش نادەنەوە بە كورد".
ئەمڕۆ شەممە 7-2-2016 لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكە سێ داواكاری لە عەبادی هەبووە، كە یەكەمیان پێدانی مووچەی پێشمەرگەیە.
شاخەوان عەبدوڵڵا وردەكاری گوتەكانی لەگەڵ عەبادی بۆ رووداو ئاشكرا گرد و رایگەیاند "داوام لە عەبادی كرد وەكو پیشاندانی نیازپاكیەك مووچەی 150 هەزار پێشمەرگە بنرێت، مادام مووچەی یەك ملیۆن لە دەزگا ئەمنییەكانی دیكەی عێراق دەدات، كێشە چییە با مووچەی پێشمەرگەش بدات، خۆ ئەمانیش شەڕی داعش دەكەن و شەهید و قوربانی زۆریانداوە. هەروەها داوام كرد هەر دوو پۆستی سوپاسالاری عێراق و بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بدرێتەوە كورد ئەمەش بۆ راگرتنی هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكانی عێراق".
لەبارەی وەڵامەكەی حەیدەر عەبادی، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی "عەبادی لە وەڵامی ئەو داواكاریانەی لە بەردەم ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی و بەرگری راشكاوانە رایگەیاند، مووچەی پێشمەرگە نادەین. با هەرێمی كوردستان خۆی لە پارەی فرۆشتنی نەوت دابینیبكات، پۆستی سوپاسالار و بریكاری ناوخۆش نادەینەوە كورد".
پۆستی سوپاسالاری عێراق كە پشكی كورد بوو لە دوای دامەزراندنەوەی سوپای عێراق لە ساڵی 2003 ئەو پۆستە لەلای بابەكر زێباری بوو، بەڵام رۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2014، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بڕیارێكدا 26 فەرماندەیی سەربازی دوورخستنەوە و 10 فەرماندەی دیكەشی خانەنشینكردن.
هەر بەپێی ئەو بڕیارە عەبادی 18 فەرماندەی دیكەی نوێی لە وەزارەتی بەرگری دامەزراندوون، یەكێك لەو فەرماندانەی گۆڕاوە فەریقی یەكەم بابەكر زێباری، سوپاسالاری عێراقە، بڕیار بوو فەریق ئەنوەر حەمەد ئەمین، فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق وەكو كاندیدی كورد ئەو پۆستە وەربگرێت.
وەڵامەكەی عەبادی بۆ نەناردنی مووچەی پێشمەرگە لەكاتێكدایە رۆژی 31-1-2016 وەفدێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبوونەوە، كە یەكێك لە داواكارییەكانی وەفدی هەرێمی كوردستان دابینكردنی مووچەی پێشمەرگە بوو.
لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی چوارشەممە 3-2-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەكەی بەغدا رایگەیاند " هاوكاریی حكومهتی فیدراڵی عێراق بۆ پێشمهرگه" یەكێك لە پرسەكانی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ عەبادی بووە.
رووداو
